بارزانی: مووشەکەکانی رووسیا زیان بە هەرێم دەگەیێنن.. لەگەڵ ئەردۆگاندا پڕۆسەی ئاشتی دەخەینە بەر باسەوە
__2015_12_08_h12m38s19__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لە ساتە ناخۆشەکانی جەنگی داعشدا بۆ گەلی کورد مایەی پێزانینە. هەروەها ڕایگەیاند، هاوێشتنی مووشەکەکانی ڕووسیا بەسەر ئاسمانی هەرێمەوە بۆ سووریا، زیان بە هەرێم دەگەیەنن.
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، کاتێک کە لە شەڕێکی سەختدا بووین لەگەڵ داعش، ئەمە نیشانەی بایەخی ئەڵمانایەی بە کوردستان، ئێستایش دەرفەتێکی باش بوو، دەربارەی دواڕووداوەکانی ناوچەکە بیر و ڕاکانمان بگۆڕینەوە، کۆک بووین لەوەی کە کۆی کێشەکان بە دیالۆگ چارە بکرێن.
پاش کۆبوونەوەی نێوانیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز درا و (فڕانک ڤالتێر شتاینمایر) ڕایگەیاند، سپاسی ئێوە و بەرێز سەرۆک دەکەم، کە کاتی خۆی بۆ دۆستایەتیی ئێمە تەرخان کردووە.. لە ماوەی ساڵێکدا دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەمەی لێرە ڕووی دا بۆ ئێمە ئەزموونێکە لەوانەیە من لەبیری نەکەم.. داعش هۆکار بوو بۆ ئاوارەبوونی خەڵک و هەموو ئەو قوربانییەی درا.
زیاتر گوتی، کوشتن و ڕفاندن و مردنی منداڵان، کاریگەرییان بەسەر ئەڵمانیا و خەڵکی ئەڵمانیاوە هەبووە، بڕیارەکانی ئێمەیش لەو ڕووە بە هاوکارییەکانمان کە لە شەڕی دژ بە داعشدا کردمان ئێستا کاریگەرییەکانی دەبیبنین، بینیمان کە بەر لەوەی بگەنە هەولێر وەستێندران و پاشەکشەیشیان پێ کرا، هەر ئەمەیش بووە هەوێنی کارکردنی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەدا. بووە هۆی ئەوەی کە چەک بدەین بە پێشمەرگە و ڕوێژکار بنێرینە هەولێر بۆ مەشق.
(شتاینمایر) هەروەها ڕایگەیاند، داعش لە عێراق سەرکەوتوو نابێ، کاتێک دەبیستین کە شنگال ئازاد دەکرێ، لە عێراق بێجی ئازاد دەبێ، ئەمانە هۆکارن بۆ پاشەکشەی داعش. بڕیاریشمان هەبووە کە لەگەڵ ئێوە و پێشمەرگەدا هاوکاری و هەماهەنگیمان هەبێ. هەڵبەتە هاوبەشییە سەربازییەکانمان لەگەڵ ئێوەدا ئەنجامی بە دەستەوە داوە. ئێستا داعش یەک لە چواری ناوچە داگیرکراوەکانی لە دەست داوە.
دەشڵێ، ئەم ستراتیژە دەبێ دوو بەرەی هەبێ، یەکیان کارکردنە بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدایە، هەمان کات، بۆ ئەو شوێنانەی کە ڕزگار کراون لە پڕۆژەی هاوبەشدا هاوکاری هەبێ بۆ گێڕانەوە و هاوکاریی خەڵەکەکەی تا بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و، نەهامەتییەکانیان بسڕێنەوە.
گوتیشی لەسەر ئاستی دوورمەودایشدا کە ئەگەر هەوڵە سەربازییەکان سەرکەوتن، چاڕەکردنی ڕەوشەکە لە سووریایش پێویستی بە هەوڵی سیاسیانە هەیە، تا ئێستا دوو دیدار لە ڤیێننا هەبوون، ئەوانی کۆبوونەوە خواستی ئەوەیان هەبوو کە دوای ٥ ساڵ لە مردن دەبێ سیاسەتێک بگیرێتە بەر بۆ چارەکردنی سیاسیانەی کێشەی سووریا.
لای خۆیەو و دەرباری ڕۆڵ و ئامادەیی ئێستای ڕووسیا، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، هاویشتنی ڕۆکێتەکانی رووسیا بۆ سووریا، کە چالاکییەک بێ دژ بە داعش چاکە، بەڵام بە شێوەیەک بێ زیان بە هەرێم نەگەیەنێ، هەڵبەتە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی فڕۆکەکانمان بفڕن و ئاسمانی هەرێم مەترسی لەسەر بێ، زیان بە هەرێم دەگەیێنێ، بۆیە لەگەڵ بەغدا و ڕووسیایش بۆ ئەم پرسە لە پێوەندیدان و داوامان کردووە کە دەبێ ئەم کێشەیە چارە بکرێ.
دەربارەی هاوکارییەکانیش و چەک و تەقەمەنی گوتی، چەکێکی گەلێک کەممان لە ڕووسیاوە پێ گەیشتووە، دیارە کە مەشقیش بە هێزەکانی پێشمەرگە ناکەن.
(شتاینمایر)ـیش دەربارەی پێوەندییەکانی بەغدا و هەولێر گوتی، هیوام وایە هەوڵەکان بۆ چارەکردنیان کە سەرەکیترینیان داهاتی نەوتە، بە ئامانج بگەن.
لەبارەی مەترسییەکانی گەشتی ئاسمانیشەوە بەتایبەت کاتێ خۆی گەشتی بۆ هەولێر کرد، گوتی، وەک جەنابی سەرۆک گوتی، هەر لایەک دژ بە داعش بووەستێتەوە جێی پێزانینە، بەڵام دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان، پرسێکە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ و چارە بکرێ.
هەروەها دەڵێ، ئەڵمانیا و هیچ وڵاتێکی دیکەی ئەورووپایش هێشتا بڕیاری هێزی زەوینی نەداوە، هەڵبەتە نامانەوێ پرسە نیوخۆییەکانی ئێرە ئاڵۆزتر بکەین.
دەربارەی سەفەری چاوەڕوانکراویشی بۆ تورکیا کە سبەی چوارشەممە ئەنجامی دەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، سەفەری من بۆ تورکیا پێشتر دیاری کرابوو، هەر لە دوای کۆنگرەی جی ٢٠ـەوە کە لەتورکیا بەسترا، سەرۆککۆماری تورکیا داوای کرد سەردانی ئانکارا بکەم، هەڵبەت ئەوکات بە هۆی سەرقاڵییمەوە بە شەڕی ئازادکردنی شنگالەوە بۆ ئێستا دوامانخست.
گوتیشی، لە کۆبوونەوەکانماندا باسی حەشدی نیشتیمانی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەخەینە بەر باسەوە. دەربارەی پڕۆسەی ئاشتییش لە تورکیا گفتوگۆ دەکەین و خواستی ئێمە ئەوەیە کە، ئەم پڕۆسیە بەردەوام و هەر لەو ڕێیەوە پرسی کورد لەو وڵاتەدا چارە ببێ.
(سەرۆک بارزانی) دەربارەی ئەو ناوچانەیش کە پێشمەرگە ڕزگاریان دەکا و لیێیان دەمێنێتەوە رایگەیاند، تا ئێستا بۆ هەر جێیەک چووبین، سنووری هەرێمی کوردستان بووە، بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە کە پێشتر هەر کوردستانی بوون، بەڵام پێیان گوتراوە سنووری ماددەی ١٤٠، بەڵام پاش هێرشی داگیرکاریی داعش، داگیر کران و دیارە کە پێشمەرگەیش توانیی ڕزگاریان بکاتەوە، ئێمە پێشتریش گوتوومانە کە دەربارەی چارەنووسیشیان بۆ ڕای خەڵک دەگەڕێینەوە و با خۆیان بڕیار بدەن.
لەبارەی سەربەخۆییشەوە گوایە هەرێم خەریکی ئەوەیە بروا لای ئەورووپایی و ڕۆژئاواییەکان دروست بکات ئینجا کاری لەسەر بکا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەی گوتوومانە سەربەخۆییمان ناوێ، بەڵام گوتوومانە بە ئاشتی و بە دیالۆگ، هەڵبەتە نەیشمان گوتووە کە ڕۆژاوا بڕوا بەوە دەهێنێ یان نا، ئەمە پرسێکە و پێوەندی بە خۆمانەوە هەیە.
هاوکات (شتاینمایر) دەربارەی جۆری ئەو چەکەیش کە پێشمەرگە داوای دەکات جیا لە میلان، گوتی، ڕۆڵی ئەڵمانیا یارمەتیدەر و سەرکەوتوو بووە، ناردنی پیداویستییەکان دروست بوون، دیراسەیش دەکەین بزانین کە ئەوەی داواکراوە لێی بکۆڵینەوە و بڕیاری لێ بدەین.
دەربارەی هاتینی هێزێکی سوپای تورکیایش (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، تورکیا لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و حکوومەتی خۆجێییش کاتی خۆی قسە کراوە و بەپێی ڕێککەوتنی خۆیان بووە و، هەرێم لایەنێک نەبووە لەم هاتنی هێزەی تورکیا بۆ سنووری نەینەوا، لە سەردانیشماندا بۆ تورکیا ئەم پرسە دەخەینە بەر باسەوە، ڕاستییەکی هێشتایش ئەمە نەبووەتە خیلافێکی قووڵ و کە بەو ئاڕاستەیەیش چوو، ئەوا دەبێ بە گفتوگۆ چارە بکرێ و هەرێمیش لەم پرسەدا ڕۆڵی خێر دەگێڕێ.




