ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە شەڕی تیرۆر و پەرۆشی بۆ چارەی قەیرانی سووریا بەرز نرخاند

ههولێر-KDP.info- سهرۆك بارزانی پێشوازی له شاندی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا كرد و، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان و ئازادكردنی شنگال نیشاندا و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە شەڕی تیرۆر و پەرۆشیان بۆ چارەسەربوونی قەیرانی سووریا بەرز نرخاند.
ڕۆژی شەممە 5ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا كرد كە پێكهاتبوو لە (خالد خوجە) سەرۆكی ئیئتیلاف و (عەبدولباست سەیدا) و (عەبدولئەحەد ئستیفۆ) ئەندامانی ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووریا.
لە دیدارەكەدا باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق كرا و شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرانبەر تیرۆریستان و ئازادكردنی شنگال نیشاندا و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لە شەڕی تیرۆر و پەرۆشیان بۆ چارەسەربوونی قەیرانی سووریا بەرز نرخاند. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دواپێشهات و گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و دەولییەكان و كاریگەرییان لەسەر دواڕۆژی ناوچەكە و سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی ئاییندەی سووریا و تەحەدیاتی بەردەم چارەسەرەكانی قەیرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.




