پەیوەندییەکانی هەرێم و سعوودیا لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و لە خزمەتی ئاساییشی ناوچەكە و لەناوبردنی تیرۆردا دەبێت

ڕیاز-KDP.info- جێنشینی دووەم و جێگری دووەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی شانشینی سعوودیا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دواگۆڕانكاری و پێشهاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی و ناوچەییان تاوتوو كرد. هەروەها گفتوگۆیش لەبارەی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەێمی كوردستان و شانشینی سعوودیا كرا و هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە ئەم پەیوەندییانە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و لە خزمەتی ئاساییشی ناوچەكە و لەناوبردنی تیرۆردا دەبێت.
لەدرێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانی (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ گەورەبەرپرسانی شانشینی سعوودیە و لە دوای كۆبوونەوەی (سەرۆك بارزانی) و شای سعوودیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 1ـی 12ـی 2015 لە كۆشكی پاشایەتیی شاری ڕیاز، (ئەمیر محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز) جێنشینی دووەم و جێگری دووەمی سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی شانشینی سعوودیا پێشوازی لە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە (عادل ئەلجوبەیر) وەزیری دەرەوە و (خالد ئەلحەمیدان) سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی گشتیی شانشینی سعوودیە و ژمارەیەك لە كاربەدەستانی باڵای ئەم وڵاتە ئامادەبوون، جێنشینی دووەمی شانشینی سعوودیا زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی) كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ شانشینی سعوودیا نیشان دا و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە (سەرۆك بارزانی) كرد و، ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و هەرێمی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شكستدانی تیرۆریستان بەرز نرخاند. هەروەها جەختیشی لە ڕاسپاردەی جەلالەتی شای سعوودیا كردەوە لە بەردەوامیی و فراوانكردنی ئەو پەیوەندییە مێژوویانەی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیادا هەیە.





