٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی مووسڵ ئازاد بکرێت، هەروەها پێویستە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەبێت کە تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و جارێکی دیکە هیچ پێکهاتەیەک رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە.

ئەم لێدوانەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی دیدارێکیدا بوو لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە سەرۆكایەتیی (نەدیم زەهاوی) ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و شاندێكی دیپلۆماسی و پسپۆڕی کە یاوەری بوون.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە پیرۆزبایی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالی لە (سەرۆك بارزانی) كرد و ئاماژەی دا، كە جیهان بە چاوی ڕێزەوە سەیری قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات.
شاندی میوان هیوای ئەوەیان خواست كێشە ئابووری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كۆتایی بێت و خوازیاری سەقامگیریی زیاتری كوردستان بوون و، جەختیشیان لە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەدا شاندی میوان نیگەرانییەكانی خۆیان لەمەڕ پەرەسەندنی تیرۆر و لەسەر ئاستی جیهاندا خستەڕوو و باسیان لە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بنبڕكردنی تیرۆر كرد.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وردەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال،  باسی ئەوەی كرد كە ئازادكردنی شنگال بۆ گەلی كوردستان مانایەكی سیمبولیك و مەزنی هەبوو و بۆ داعشیش شكستێكی گەورە و كاریگەر بوو و، سەركەوتنەكان بە هیمەت و قوربانیدانی پێشمەرگە و پاڵپشتیی هاوپەیمانان هاتووەتە ئاراوە.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا داوای كرد كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیددیتر بێت و پێویستە هەموو دنیای ئازاد لە دژی تیرۆر لە یەک سەنگەردا بن.
(سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە، پێویستە بیر لە قۆناغی دوای شکستی یەکجارەکیی تیرۆریستان بکرێتەوە، بەتایبەتی پێش ئەوەی مووسڵ ئازاد بکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هەبێت کە تیایدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و جارێکی دیکە هیچ پێکهاتەیەک رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار