كۆشكی سپی، ستاییشی هاریكاریی نێوان هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە دەکات

واشنتۆن-KDP.info- كۆشكی سپی، لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی (سەرۆك بارزانی) و (جۆو بایدن)ـەوە، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، (بایدن) پیرۆزبایی سەركەوتنی پێشمەرگەی لە شەڕی دژ بە داعش لە شنگال، لە (سەرۆك بارزانی) كردووە. هەردوو سەركردەیش ڕایانگەیاندووە كە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێكە لە هەڵمەتێكی رێكخراو بۆ زیادكردنی گوشار لەسەر داعش لە ناوجەرگەی خۆی و، پچڕاندنی رێگاكانی دابینكردن لە نێوان مووسڵ و رەققە.
ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:
(جۆو بایدن) جێگری سەرۆك پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد..
جێگری سەرۆك لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا قسەی كرد بۆ پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش لە شنگال. هەردوو سەركردە ئاماژەیان بەوە دا كە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێكە لە هەڵمەتێكی رێكخراو بۆ زیادكردنی گوشار لەسەر داعش لە ناوجەرگەی خۆی و، پچڕاندنی رێگاكانی دابینكردن لە نێوان مووسڵ و رەققە، هەروەها جەختیان كردەوە كە گوشارەكە لە حەفتە و مانگەكانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆك ستاییشی هاریكاریی نێوان هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و، جەختی لە پابەندبوونی جیددیی ئەمەریكا بە كاركردن لەگەڵ هاوپەیمانیی جیهانی، حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامبوون لە لاوازكردن و لەناوبردنی داعش، كردەوە. هەردوو سەركردە كۆك بوون لەسەر گرینگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی تەواو لە شەڕی دژ بە داعش لە هەموو بوارەكاندا، لە نێویاندا بوارەكانی سەربازی، ئابووری و سیاسی.




