سەرۆک بارزانی: پێویستە شنگال بپارێزرێ و ئاوەدان بکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و كارەساتەكان بەشی زۆری شنگال وێران بووە و، پێویستە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پاراستنی لە هەڕەشەكان بكرێت و، لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵكی دەڤەری شنگال دەبێت.
ئەمرۆ چوارشەممە، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەریمی کوردستان، پێشوازی لە (فۆمیۆ ئیوای) باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی، كە توانیویەتی لە نزیك بەرەكانی جەنگ دیداری لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا هەبێت و، دەستخۆشی و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی ئازادكردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە بەخشندە بوون و، سەرباری بوونی كێشەی قووڵی ئابووری، باوەشیان بۆ سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەر كردووەتەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ ئەوەیشی خستەڕوو كە، وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان هەیە لە دابینكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی ژاپۆنی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و، لە وتەیەكدا باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای شكستدانی داعش كرد و، پەیوەست بە قۆناغی دوای پڕۆسەی ئازادكردنی شنگال ئاماژەی بەوەدا، كە بەهۆی شەڕ و كارەساتەكان بەشی زۆری شنگال وێران بووە و، پێویستە كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و پاراستنی لە هەڕەشەكان بكرێت و، لەم ڕووەوە هێزی پێشمەرگەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی شنگال و خەڵكی دەڤەری شنگال دەبێت.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە گرینگیی سەقامگیری و ئاساییش دا و جەختی لەوە كردەوە، كە بەبێ سەقامگیری، پێشكەوتن و بووژانەوەی ناوچەكە نایەتە دی.
هەر لەم كۆبوونەوە ڕێگەچارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق تاوتوو كرا و، بیروڕایش لەبارەی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە بواری ئابووری و وزە و كارەبا، لە نێوان هەرێمی كوردستان و ژاپۆن ئاڵوگۆڕ كرا.




