لە 4 هەزار كارگەی كوردستاندا 33 هەزار كرێكار دامەزراون.. 3 ملیار دۆلاریش سەرمایەگوزاری كراوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی شار و شارۆچكە پیشەسازییەكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، نزیكەی 4 هەزار كارگە لە كوردستان دامەزراون كە 2 هەزار 247 كارگەیان لە هەولێرن، 978 كارگەیشیان لە سلێمانی و 504ـیش لە دهۆكن. دەشڵێت، 33 هەزار و 251 كرێكاریش لە كارگە مۆڵەتدراوەكان دامەزراون.
(د.عەبدولڕەزاق ناوەندەی) سەرۆكی دەستەی شار و شارۆچكە پیشەسازییەكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "3 هەزار و 729 كارگە لە كوردستنان دامەزراون، 2 هەزار 247 كارگەیان لە هەولێرن، 978 كارگەیشیان لە سلێمانی و؛ لە دهۆكیش 504 كارگە هەن".
(ناوەندەی) ئەوەی خستە روو، 33 هەزار و 251 كرێكار لە كارگە مۆڵەتدراوەكان دامەزراون بەوشێوەیە، لە هەولێر 17 هەزار و739 كرێكار، لە سلێمانی 106 هەزار و 617 كرێكار بە كارگەكانی چیمەنتۆوە، لە دهۆكیش نزیكەی 5 هەزار كرێكار دامەزراون.
سەرۆكی دەستەی شار و شارۆچكە پیشەسازییەكان دەشڵێت، لەو كارگانەیش 3 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری كراوە، لە هەولێر 844 ملیۆن دۆلار، لە دهۆك 161 ملیۆن دۆلار و لە سلێمانی 254 ملیۆن دۆلار، بوارێكی دیكەی پیشەسازییش چیمەنتۆیە كە ملیارێك و 940 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان كراوە.
(د. عەبدولڕەزاق) ڕوونیشی كردەوە، بەپێی داتاكان بڕی 4 ملیار و 940 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی پیشەسازی بووە.
یەحیا سابیر




