دابەشکردنی زەوی بەسەر کرێنشین و فەرمانبەراندا سەرتانسەری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زەوی بەسەر کرێنشینان و فەرمانبەران دابەش دەکرێت، بەو مەبەستەش وەزارەتی شارەوانی ڕاسپێردراوە، جەختیشی کردەوە، ئەوبڕیارە سەرتانسەری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
(سیراج خەیلانی) ئەندامی لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار دراوە کە زەوی بەسەر هەموو فەرمانبەر و، کرێنشینێکی ھەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت بەبێ جیاوازی، بەڵام تەنها بۆ کرێنشین و، ئەو فەرمانبەرانەیە کە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە."
(سیراج خەیلانی) گوتیشی، حکوومەت وەزارەتی شارەوانیی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی کاری دابەشکردنەکە ڕێک بخات و، وەزارەتی 'شارەوانی'ـیش یەکە ئیدارییەکانی ئاگادار کردووەتەوە دەربارەی کرێنشین و فەرمانبەری زەویوەرنەگرتە، زانیاریی پێ بدەن؛ جا یەکە ئیدارییەکان ڕەنگە بتوانن سوود لە یەکێتیی کرێنشینانی کوردستانیش وەربگرن، چونکە ئەوان ئامار و داتایان لایە دەربارەی کرێنشینان.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، دیارە حکوومەتی ھەرێمی لە قەیرانی داراییدایە، بەڵام خۆ دەتوانێ زەوی دابەش بکات؛ با چیدی کەس دڵی لە خۆی دانەمێنێت کە بستە زەوییەکی لە وڵاتەکەی خۆیدا نییە.
(خەیلانی) ڕاشیگەیاند: "وەختی خۆی بوو ئەو بڕیارە گونجاوە بدرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر کرێنشینە و، پێویستی بە زەوی ھەیە خانوویەکی تێدا بکات. دیارە ئەو بڕیارە خەڵکێکی زۆریش دەگرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




