٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

'كاك مه‌سعوود سه‌رۆكمه‌'

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌حمه‌د كانی

سەرۆك بارزانی ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە؛ ئەمەش لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا دیفاکتۆیەکی میللییە.

هەندێك لە سیاسییەکان دژن، نایانەوێت وابێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەموو میکانیزمێك بەکار دێنن بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە، بەڵام نە پێیان کراوە و نە پێیشیان دەکرێت بەردەوامیشن. هەندێکیش لە سیاسییەکان دووسەرەن، دێن و دەچن و دەزانن کە سیاسەت بە بوغز و کینە و ڕكلێبوونەوە ناکرێت؛ ئاخر ئەوانەی بە حقدەوە سیاسەت دەکەن فەشەلیان هێناوە، بەڵام لە بازرگانیکردن بە دژایەتیکردنی بارزانی سودمەند بوونە و لەلایەن ناحەزان و نەیارانی کورده‌وه‌ بایەخی زۆریان پێدراوە.
ئەم هاوکێشەیە زۆر ڕوونە و تێگەیشتن لێی ئاسانە. ئەوانەی دژی نەتەوەیەك بن، هەڵبەتە کاری جیددییان بۆ لەناوبردنی کولتوور و ناشیرینکردنی پیرۆزییەکان و بێهیواکردنی ڕۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە، دەبێت بە ئایندەیان. ناحەزانی کورد چۆن دەهێڵن ئەو نەتەوەیە ڕەمزی هەبێت، چۆن دەهێڵن کوردستان بە عەقڵیەتی دەوڵەت بەڕێوە بچێت؟ بۆ ئەم مەبەستەش، نەیاران سودیان لە تەنکیی بیرکردنەوەی ئەو سیاسیانە کردووه‌تەوە کە ئەنتی بارزانین و، بۆلێدانی پێگەی بارزانی بەکاریان دەهێنن. هەندێکیش لە سیاسییەکان سەرەڕای ئەوەی بیروبۆچوونیان زۆر جیاوازە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان و خاوەن مێژووی خۆیانن لە خەبات و ماندووبوون و تێکۆشان، لە میدیا و دوور لە میدیا، زۆر کوردانە نەك حزبیانە، بارزانی بە ڕەمزی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیان دەزانن.
بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر یەکێکە لە دامەزرێنەرە ناسراو و دیارەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان؛ لەپێناو ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵەیەدا یەکێك بووە لەو زیندانە سیاسیانەی سەردەمی بەعسی فاشی، کە حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچووە، هه‌روه‌ها یەکێك بووە لە ئەندامە هەرە کارا و چالاكه‌كانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و، یەکێك بووە لە داڕێژەرانی سیاسەتی یەکێتیی نیشتیمانی، لە خەباتی شاخ و شار و ڕێکخستنەکانی ئه‌و حزبه‌دا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر، خاوەنی ئەزموون و تەجروبەیەکی دەوڵەمەندە و، لە دەرکەوتەی ئەو تەجرووبە دەوڵەمەندەیەیشییه‌وه‌یه‌ کە دەڵێت، من کاك مه‌سعوود بە سەرۆکی خۆم دەزانم.
زۆرێك لە سیاسییەکان نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێم، بەڵکو لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان، لە ڕاگەیاندن و دەرەوەی ڕاگەیاندنه‌كانه‌وه‌ ڕاشکاوانە ئاماژە دەدەن کە سەرۆك بارزانی بە ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان دەناسن.
زۆرێك لە سەرۆك هۆزەکانی عەرەب لە دلێم، شەممەر، جبوور، لهێب، تەی و سەبعاوی کە هەندێکیان سیاسیی بەرچاون، گوتوویانە کە ئەوان هیوا دەخوازن هەرێمێکی سوننییان هەبێ و، سەرۆك بارزانی قبووڵ بکات ببێتە سەرۆکیان. ئەوان دەڵێن تەمەننا دەکەین کەسێکی وەك بارزانی ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بێت. بەهەمان شێوەیش، زۆرێك لە برا تورکمان و کلد ئاشوور سریان و ئەرمەن، هەروەها برایانی فەیلی و ئێزدی و شەبەك و کاکەیی، سەرۆك بارزانی بە سەرۆك و ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان دەناسن،
بەڵام بە داخەوە حقد و حەسادەت، وای لە خەڵکانێك کردووە ڕاستییەکان لە تاریکیی دڵە ڕەشەکانیاندا بشارنەوە، تەنانەت ناتوانن بیر بکەنەوە.
ڕقلێبوونه‌وه‌ شەوکوێری کردوون، بە جۆرێك ڕەنگەکان تێکەڵ بەیەكدی دەکەن. ئەوان لەپێناوی مەرامی گڵاوی لەمێژینەی خۆیان، بەردەوامن لە بەهەدەردانی وزە و تواناکانی گەنجی کورد، چونکە ئەوان باش دەزانن کە ڕەمز نین و نایشبن بە ڕەمز. باشتر دەزانن کە سەرۆك بارزانی بیانەوێت یا نەیانەوێت، ڕەمزی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پێکەوەژیانە لە ناوچەکە و، ئەمە داخوازییەکی میللی و دیفاکتۆیەکی میللیی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە. بەڵام ئەوان بە دەست خۆیان نییە، لەوەی کە ئەنتی بارزانین، ئەگەر نا خۆیشیان نازانن چیان دەوێ و بۆ وا دەکەن؟

هەواڵی پەیوەندیدار