٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پارتی ٧٠%ـی بوودجە دابین دەكات؛ با لایەنەكانی دیكەیش ٣٠%ـە باقییەکەی دابین بكەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سیاسەتی نەوتدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، چونكە توانیویەتی ٧٠%ـی بوودجەی هەرێمی كوردستانی پێ دابین بكات، بۆیە ئەوانەی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شكستخواردوو دەزانن، با هەموویان ٣٠%ـی بوودجەكەی دیكە دابین بكەن كە ئەو وەزارەتانەیان لایە سەرچاوەی دابینكردنی بوودجەن.

(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە پرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوو ئاراستە هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە هەرێم سەربەخۆیی ئابووری وەربگرێت كە پارتی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەدایە و، ئەوەی دیكە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا كە جارێكی دیكە ببینە پاشكۆ كه‌ هەندێك لایەنی دیكە سەرپەرشتی ئەوە دەكەن بە بیانووی ئەوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ بوودجە دابین بكات، بۆیە بە سیاسەتێكی شكستخواردووی وەسف دەكەن كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە بوودجە و سیاسەتی نەوتی لە یەك جیان، چونكە بۆ دابینكردنی بوودجە پێویستت بە چەند سەرچاوەیەك هەیە، لەوانە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت و باجدانان لەسەر كەلوپەلەكان."
(شەعبان) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغدا كردووە كە ڕۆژانە ٥٥٠هەزار بەرمیل نەوتیان ڕادەست بكات و، لە بەرامبەردا ملیارێك دۆلارمان پێ بدەن، بۆیە ئێمە بە لایەنی كەم پێویستیمان بە ملیارێك هەیە؛ ئێستایش داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان ٧٠٠ملیۆن دۆلارە و پارتیی دیموكراتی كوردستانیش كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی لایە، توانیویەتی بەو سیاسەتەی نەوتی هەرێم ٧٠%ـی بوودجەی هەرێم دابین دەكەین، بۆیە ئەو لایەنانەی كە سیاسەتی نەوت بە شكستخواردوو وەسف دەكەن، با بە هەموویانەوە ٣٠%ـەکەی تری دابین بكەن، چونكە ئەو وەزارەتانەی دەبنە سەرچاوەی دابینكردنی بوودجە لای ئەوانن، وەكو دارایی و دەستەی وەبەرهێنان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و كاروباری كۆمەڵایەتی."
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "ناتوانن ئەو كارە بكەن و بە قسەكردنیش كار ناكرێت، بۆیە ئێمە وەكو پارتیی بەردەوامین لە كاری خۆمان و توانیومانە سەركەوتن بەدەست بێنین، چونكە ٧٠%ـی بوودجەی هەرێم بەنەوت دابین دەكەین."
(شەعبان) كە ئەندامی لیژنەی داراییشە، گوتی: "هۆكاری درەنگ گەیشتنی پارەی داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە، عێراق دەوڵەتە و سیادەی خۆی هەیە و بانكی ناوەندیی هەیە و ئێمە نیمانە، چونكە وڵات نین، ئەگەرنا عێراقیش بە هەمان شێوەی ئێمە نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بە هەمان شێوەش پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە بانكی ناوەندییان هەیە، بۆ نموونە عێراق بە بەهای ٣ملیار دۆلار نەوتی خۆی دەفرۆشێت، دەتوانێ بە بانكی ناوەندی بڵێت تاوەكو پارەی نەوت دەگات پێویستیمان بە هێندە پارە هەیە و هەر كاتێك پارەی نەوت كە دۆلارە گەییشت دەیدەنەوە، ئەوكات كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەمەی نییە، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بكات تاوەكو پارەكە دەگات لە ڕێگەی هەندێك بانكەكان و بانكی كوردستان بە دۆلار و دواتر دەكرێتە دینار، ئەوكات مووچەی لێ دەدرێت، ئەمەیش كێشەكەیە."

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار