٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ناوخۆ: دەستمان بە كۆكردنەوەی بەڵگە كردووە.. خۆپێشاندەران سەر بە لایەنێكی دیاریكراون

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت،‌ لیژنەكەیان دەستی بە كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەكان كردووە بۆ ئەوەی بیكەن بە ڕاپۆرتێك. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، خۆپێشاندەران سەر بە لایەنێكی دیاریكراون.

(دانای شەهید جەزا) سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو‌ لیژنەی ناوخۆ گلەییم لە ‌ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەبوو كە لە سەرەتای روودانی كێشەكانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین هیچ رۆڵێكی وەهای نەبوو كە چاوەڕێ بكرایە، نە بەیانێكیان دەركرد و نە پێداچوونەوەیشیان كرد، ئەمە جێگای نیگەرانی بوو لای هاووڵاتیانیش، چونكە دەبووایە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە سەرەتای كێشەكانەوە‌ لەسەر خەت بووایە و بەدواداچوونی بكردایە".

(دانا) گوتیشی: "لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ناوخۆ هەوڵمان داوە كارێكی جیددی لەسەر بابەتی خۆپێشاندانەكان بكەین و، نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و سنووری سەیدسادق بەرز كردووەتەوە، تا هەوڵ بدەن بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایانە، راپۆرتێكمان بۆ ڕەوانە بكەن و زانیاریمان لەسەر چۆنیەتیی روودان و بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەكان پێ بدەن، تا بزانین كەمتەرخەمی هەبووە لەلایەنی پەیوەندیدارەوە كە وای لێ هات خەڵك و كادیرانی حیزبی شەهید بن و بارەگای حیزبی بسووتێنرێت، هەموو ئەمانە وایان كرد كە بەدواداچوونی بۆ بكەین".

سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: "بەڵگە زۆرن، بەڵام ئێستا ناتوانین بڵاویان بكەینەوە تا كۆتا ڕاپۆرتی خۆمان دەنووسینەوە، ئینجا بڵاویان دەكەینەوە،‌ بەڵام هەندێك شت هەیە جێگای تێبینییە، یەكێك لەوانە زۆربەی هەرە زۆری خۆپێشاندەران سەر بە لایەنێكی دیاریكراون و خۆپێشاندانەكیان بەو ئاڕاستەدا بردووە كە بینرا و، هەروەها ئەوەیش جێگای سەرنجە كە خۆپێشاندان و گێرەشێوێنییەكە لە دژی بارەگاكانی لایەنێكی دیاریكراو ئەنجام دران".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار