٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا: بەغدا نایەوێ هەرێم بەهێزتر بێت.. ترسیان لە سەربەخۆیی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئةنجوومةنى نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، وەك چۆن عێراق مافە داراییەكانی هەرێمی خواردووە، بەهەمان شێوەیش مافەكانی هێزی پێشمەرگەی خواردووە بە نەناردنی مووچە و چەك بۆ ئەو هێزە. دەشڵێت، بەغدا لەسەر ئەو باوەڕەیە كە هەرێم بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات، بۆیە نایانەوێ چەك بە هەرێم بدەن و بەهێزتری بكەن.

(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەك چۆن عێراق مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی خواردووە، بە هەمان شێوەیش مافەكانی هێزی پێشمەرگەی خواردووە بە نەناردنی مووچە و چەك بۆ ئەو هێزە، لە یاسای بودجەی 2015ـدا هاتووە كە دەبوو حكوومەتی عێراق لە دەرەوەی رێككەوتنە نەوتییەكە مووچەی هێزی پێشمەرگەی ناردبا، بەڵام نە چەك و نە پارەی بۆ نەناردووین. ئەوان زۆر بە راشكاوی دەڵێن هەرێم بەرەو سەربەخۆیی دەڕوات، بۆیە نایانەوێ چەك و تەقەمەنی بە هەرێم بدەن و بەهێزتری بكەن".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "بە گوێرەی یاسا، هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە هێزی بەرگریی عێراق، بۆیە حكوومەتی عێراق دەبێ لەو چەكانەی كە دەیكڕێت و بە دەستی دەگات، بە گوێرەی قەبارەی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا، بەشێكیان بە هێزی پێشمەرگە بدات، بەڵام خۆ پێش هاتنی داعشیش چەك هاتووە و نەدراوەتە هێزی پێشمەرگە، پێشم وا نییە لە داهاتوویشدا حكوومەتی عێراق چەك بە هێزی پێشمەرگە بدات، تەنیا هەندێك چەك هەیە كە ئەو وڵاتانەی دەینێرن خۆیان بەشی پێشمەرگەیان دیاری كردووە و جیایان كردووەتەوە، بۆیە حكوومەتی عێراق ناچارە ئەوانە بە هێزی پێشمەرگە بدات، ئەوان وا بیر دەكەنەوە كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان هەرێمێكی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەكی بە عێراقەوە نەماوە."

سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار