قسەكانی نەوشیروان مستەفا دەچنە خانەی تیرۆرەوە.. پێویستە داواكاری گشتی بێدەنگ نەبێت

هەولێر-KDP.info- بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بڵاو بووەتەوە، (نەوشیروان مستەفا) باس لە چۆنیەتیی تێكدانی رەوشی هەرێمی كوردستان دەكات و، داوا دەكات تەقە لە كۆنسووڵخانەكان بكرێت و ئەندازیاری كۆمپانیاكانی نەوت بڕفێندرێن، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییشیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەو قسانە دەچنە خانەی تیرۆرەوە، بۆیە پێویستە بەپێی یاسای دژەتیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
(نازم هەركی) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییشی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "قسەكانی (نەوشیروان مستەفا) لەبارەی تێكدانی رەوشی هەرێمی كوردستان، تەقەكردن لە كۆنسووڵخانەكان، ڕفاندنی ئەندازیارەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و چەند كارێكی دیكەی تێكدەرانە، زۆر مەترسیدارن و پێویستە داواكاری گشتی بێدەنگ نەبێت و ئەو كەیسە بجووڵێنێت، چونكە ئەمە دەچێتە خانەی تیرۆرەوە، بۆیە پێویستە بەپێی یاسای دژە تیرۆریش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".
(هەركی) گوتیشی: "ئەم قسانەی كە كردوونی، دڵەڕاوكێی لەنێو خەڵكی هەرێمی كوردستان و بیانییش دروست كردووە، چونكە باس لە زۆر شتی مەترسیدار دەكات، بۆیە پێویستە جگە لە داواكاری گشتی، كۆنسووڵخانەكان و كۆمپانیاكانی نەوتیش خۆیان بێدەنگ نەكەن، چونكە هەڕەشە لە ئەوانیش كراوە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش جەختیشی كردەوە، پێویستە هەموو لایەك لەبارەی ئەو قسانەوە بێنە دەنگ و ناكرێت وا بە ئاسانی تێپەڕ بێت، چونكە ئەمە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئاساییشی هەرێمی كوردستان و زیانی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە تەلەڤزیۆنی زاگرۆس بڵاوی کردەوە، ڕێکخەری حزبی گۆڕان، بە گوشارخستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی کوردستان دەکات و دەڵێت، تەقە لە دوو کۆنسووڵخانە بکەن، دوو ئەندازیاری کۆمپانیاکانی نەوت بڕفێنن.
بڵند ئیبراهیم




