چاوەڕوان دەكرێت پێش سەری ساڵ ناوی فەرمانبەران بۆ دامەزراندن رابگەیەنرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، كاركردن لەسەر ناوی ئەو كەسانەی داواكارییان بۆ دامەزراندن لە كۆمیسیۆن پێشكەش كردووە، بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆتایی ساڵ ناوەكان رابگەیەنرێت.
(شێروان زرار) گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ئێستادا كار لەسەر داتابەیسەكە دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوانەی كە دووبارەن لایببەن، چونكە هەیە ١٠جار داواكاری بۆ دامەزراندن پێشكەش كردووە، بۆیە هەر كاتێك ئەمە تەواو بكەن، دواتر كار لەسەر ئەو ناوانە دەكەن كە بۆ پۆستە باڵاكان داواكارییان پێشكەش كردووە وەكو بەڕێوەبەرەكان.
(زرار) گوتیشی، هەر كاتێك كاریان لەسەر پۆستە باڵاكان تەواو كرد، دەست دەكەن بە كاركردن لەسەر فەرمانبەرە ئاساییەكان.
دەشڵێت، خەڵكێكی زۆر چاوەڕێ دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوانە یەكلا بكرێنەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن پێش كۆتایی ئەمساڵ ناوەكان رابگەیەنن.
بڵند ئیبراهیم




