٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆنگرێسی ئەمەریكا كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی نەهامەتییەكانی ئێزدی و كرستیانەكان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هەردوو كۆنگرێسمانی ئەمەریكا (دانا رۆهربێچەر) و (ستیڤ كینگ)، لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایانگەیاند، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی وڵاتەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەكان و كرستیانەكاندا هاتووە، وەك جینۆساید بناسێنرێت.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ 7/11/2015، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمانان (دانا رۆهربێچەر) و (ستیڤ كینگ) كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی بۆ خۆڕاگرییان لە بەرانبەر تیرۆر و كێشەی بڕینی بودجە لە لایەن بەغداوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هاوكارییكردنیان، لەم بارەیەیشەوە سوپاسگوزاریی خەڵكی ئەمەریكایان بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا.

دووپاتیشیان كردەوە كە لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. هەروەها ئاشكرایان كرد كە ئەوان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی وڵاتەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەكان و كرستیانەكان هاتووە، وەك جینۆساید بناسێنرێ.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆریستانی داعش بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی كرد، كە لەگەڵ هێرش و هەڕەشەی داعش هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد، بەڵام بۆ بنبڕكردنی یەكجاریی ئەم مەترسییە پێشمەرگە پێویستی بە ڕاهێنان و چەكی زیاتر و نوێتر هەیە و هیوای خواست هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بكرێت، چونكە تەنیا پێشمەرگەیە لەسەر ئەرزی واقیع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە.

هەروەها دەستخۆشی لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتانەی بەسەر ئێزدی و كرستیانەكان هاتوون، كرد و ئاماژەی بەوە دا ئەمە یەكێكە لە داخوازییە هەرە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەك جەختی لە بەردەوامیی پاراستن و هاوكاریكردنی هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتگیری و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان پێشكەش بكرێت.

تاوتووكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و بە تایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار