٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕزگاركردنی شنگال پێویستی به‌ هێزی دیكه‌ نییه‌"

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگال (قاسم دربۆ) له‌ وه‌ڵامی  فەرماندەیه‌كی ھێزەکانی ھەپەگە ده‌ڵێ، پێشمه‌رگه‌ بۆ رزگاركردنی شنگال پێویستی به‌هیچ هێزێكی دیكه‌ نییه‌.

(قاسم دربۆ) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە شنگال لە ئامادەباشی تەواودایە و بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی یەکجارەکیی شنگالیش سەرکردایەتیی کورد بڕیاری لەبارەوە دەدات و، پێویستیشی بە ھیچ ھێزێکی دیکە نییە پێشمەرگە، چونکە پێشتریش ٨٠% دەڤەری شنگالی بە تەنها ئازاد کردووە و توانیویەتی گەرمارۆی سەر چیای شنگالیش بشکێنێت و خەڵکەکەی ڕزگار بکات."
(قاسم دربۆ) گوتیشی، بۆ ڕزگارکردنی شنگال سەرکردایەتیی کورد تەنھا تەنسیق لەگەڵ ھاوپەیماناندا دەکات بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانیش بەشداری بکەن، جا ھەرکاتێک بڕیار بدەن پێشمەرگە ئامادەیە.
ئەو فەرماندەیە ڕوونیشی کردەوە، پەکەکە کێشە بۆ پێشمەرگە دەنێتەوە و، بووەتە ھۆکاری دواکەوتنی دەستپێکردنی پرۆسەی ڕزگارکردنی شنگال، بۆیە باشتر وایە کێشەمان بۆ دروست نەکەن، چونکە خەڵکی شنگال و پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی خاکی خۆی زۆر قوربانی داوە.
گوتیشی، دوای ئازادکردنی شنگال خەڵکی شنگال پێویستی بەوە ھەیە ناوچەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە ئەمەش تەنها بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، نەک ھێزێکی وەکو پەکەکە کە ھیچیان پێ ناکرێ و، هەر خەریکی ڕاگەیانەوانینە.
(دربۆ) ئەوەشی خستە  ڕوو، خەڵکی شنگال ڕازی نابن دوای ئازادکردنی ناوچەکەیان پەکەکە بمینێتەوە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە ئەوانی پاراستووە و، تەنها ڕێگە بە پێشمەرگە دەدەن؛ جا ھیوادارین کارێکی وا نەکەن کە خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێت، بەڵام گەر ناچاریان کردین ئەو کات بڕیاری خۆمان دەدەین و ڕێگە نادەین لە شنگالدا بمینێنەوە.
ئه‌م گوتانه‌ی دربۆ وه‌ڵامێكه‌ بۆ فه‌رمانده‌یه‌كی هه‌په‌گه‌ كه‌ بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك پڕوپاگنده‌ی پێوه‌ست به‌ رزگاركردنی شنگالی كردبوو.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار