٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"زەحمەتە كولێرا لەوە زیاتر ته‌شه‌نه‌ بسێنێ"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە له‌په‌رله‌مانی كوردستان (ئاواز حەمید ئەفەندی) ڕایدەگەیێنێت كە ئێدی لەوە ناچێ نەخۆشی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان بڵاو بێتەوە و چونكە ئاو هەوا و وەرزەكەی زۆر گۆڕاوە و كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە نەماوە، بەڵام هەر ڕێوشوێنەكان و ڕوبەروبوونەوەكانی ئەم نەخۆشیە بەردەوامیشە.

(ئاواز حەمید ئەفەندی) ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەكرێ بڵێن ئەمساڵ وەرزی پەتای كۆلێرا تێپەڕێوە و چاوەڕوان ناكرێت چیتر بڵاو ببێتەوە، چونكە كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە ماوەیەكەی دیاری كراوە و، ئەم نەخۆشیە لەم كاتانەدا زۆر كز دەبێت و نامێنێت، چونكە ئاو و هەوا و وەرزەكە بە تەواوی گۆڕاوە. بەڵام ئەوە نەبێ بێخەم بین لەم نەخۆشییە و پشتگوێی بخەین، بەڵكو بەردەوامین لە هەوڵ و ڕووبەرووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە ڕوونیشی كردەوە كە: "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە لە پەیوەندیدا بووین و داوامان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە كە بە شێوەیەكی زانستانە یارمەتیی وەزارەتی پەروەردە بدات نەکا ئەم نەخۆشیە لە قوتابخانەكاندا بڵاو ببێتەوە. ئێمە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانمان ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەوەی زانیاریی ورد و پێویست لەبارەی نەخۆشی كۆلێرا بە قوتابیان بگەیێنێت بە چەند ڕێگایەك. خۆشبەختانە دەبینین ڕاگەیاندنەكانیش ڕۆڵێكی زۆر باشیان هەبوو لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەمەر ئەم نەخۆشییە. لە سەرجەم خواردنگەی ئاستبەرز و ئاستنزمەكانیش ڕێنمایی و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر."

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار