٤٥ خێزان لە خورماتوو سكاڵایان تۆمار كردووە.. چارەنووسی منداڵەكانیان نادیارە

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو دەڵێت، تاوەكو ئێستا ڕفاندن و تیرۆر لە خورماتوو بەردەوامە و، تا دوێنێیش ٤٥ خێزان سكاڵایان تۆمار كردووە، كە منداڵەكانیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێندراون.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حەشدی شەعبیی شیعە لە خورماتوو _كەركووك باسی لەوە كردووە، هیچ هاووڵاتییەكی سوننە لای ئەوان نیە كە دەستگیریان كردبێت و دەڵێت، ئەوانەی لە دوای تەقینەوەكەی پێش رۆژی عاشورا دەستگیر كرابوون، ئازاد كراون و هیچ هاووڵاتییەكیان لا نەماوە.
بەرپرسی ئاساییشی خورماتوو (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كوشتن و رفاندن لە قەزای خورماتوو تاوەكو ئێستا بەردەوامە و، تا دوێنێ ٤٥خێزان سكاڵایان تۆمار كردووە كە منداڵەكانیان لەلایەن حەدشی شەعبییەوە رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە، بەڵام هیچ كەس بە خۆی ناڵێت تاوانبارم، بۆیە ئەوانیش ئەمە رەت دەكەنەوە".
(فارووق) گوتیشی: "ئەگەر حەشدی شەعبی باس لەوە دەكات هیچ هاووڵاتییەكی سوننەیان لا نەماوە، بۆ خەڵكی سكاڵا تۆمار دەكەن و باس لەوە دەكەن منداڵەكانیان رفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە، دیارە كە تاوەكو ئێستا ئازاد نەكراون، بۆیەیش ماڵباتەكانیان سكاڵایان تۆمار كردووە".
بڵند ئیبراهیم




