هەورامی، هەڵوێستی پارتیی خستە ڕوو.. خوازیاری بەدیموكراسیكردنی حكومڕانین لە هەرێم

هۆڵەندا-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پارتی خوازیاری زیاتر بەدیموكراسیكردنی حكومڕانییە لە هەرێمی كوردستاندا كە بە سازانی لایەنەكانیش، ئەم بەدیموكراسیكردنە وەدی دێت. دەشڵێت، داعش تەنیا هەڕەشەیەك نییە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكە هەڕەشەیشە بۆ ئاساییشی جیهانی و بە تایبەتی ئەورووپا، بۆیە لەناوبردنیشی پەیوەستە بە جیهانەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، له سەردانەكەیان بۆ ئەورووپا كە پێدەچێت چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ حزبەكان و ناوەندە بڕیاردەر و لێكۆڵەرەوەكان ئەنجام بدات، ڕایگەیاند كە لە ئێستادا گەلی كورد پێویستییەكی زۆری بە پەیوەندی نێودەوڵەتی و دۆستی زیاتر هەیە، بۆیە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ جیهاندا، بەهێزكردنی پێگەی كوردە لە هاوكێشەكاندا.
یەكەم دیداری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دانیشتن بوو لەگەڵ چەندین ئەندام پەرلەمان و نوێنەرانی حزبی كریستیان و پی ئێس پی. لە دیدارەكەدا كە بەرپرسی ناوچەی هۆڵەندا یاوەری (هێمن هەورامی) بوو، دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ لایەنی بەرامبەر شی كرایەوە و (هەورامی) سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بە سەركەوتنی جیهانی ئازاد وەسف كرد و گوتی، داعش تەنیا هەڕەشەیەك نییە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكە هەڕەشەیشە بۆ ئاساییشی جیهانی و بە تایبەتی ئەورووپا، بۆیە لەناوبردنیشی پەیوەستە بە جیهانەوە.
لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی باسی ڕەوشی نێوخۆی هەرێمی كوردستانی بۆ هەردوو حزبی هۆڵەندایی كرد و، هەڵوێستی پارتیی لەوبارەیەوە خستە ڕوو كە پارتی خوازیاری زیاتر بەدیموكراسیكردنی حكومڕانییە لە هەرێمی كوردستاندا كە بە سازانی لایەنەكان ئەم دیموكراسییەیش وەدی دێت.
(هەورامی) هەروەها بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە سوپاسی حكوومەت و گەلی هۆڵەندای كرد بۆ هاوكارییەكانیان بۆ گەلی كوردستان.
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی پەرلەمانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی (هەورامی) و گەیاندنی پەیامی پارتی پێیان، دەربڕی.
سەنگەر هەورامی




