بڕیارە باڵیۆزی ژاپۆن سەردانی هەرێم بكات

هەولێر-KDP.info- وڵاتی ژاپۆن بە هاوكاریی ڕێكخراوی (UNOPS)20 ئامبۆڵانسی بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دابین كردووە و لە 16ـی ئەم مانگەیشدا لە ڕێوڕەسمێكی شاییستەدا بەسەر كەمپەكاندا دابەش دەكرێن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستانیش، وەها بڕیارە باڵیۆزی ژاپۆن سەردانی هەرێم بكات.
(شاكر یاسین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 داعش چەند ناوچەیەكی عێراقی داگیر كرد و هاووڵاتیان ئاوارە بوون، ئێمە پڕۆژەیەكمان لە ڕێگەی ڕێكخراوی (UNOPS) كە زۆر شتی لە خۆ دەگرت، لەوانە خێمە و سۆپا و بنكەی تەندروستی، بەڵام ئەوان رایانگەیاند كە دەتوانن ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری دابین بكەن، ئەوە بوو لەسەر بوودجەی ژاپۆن 20 ئامبۆڵانس بۆ ئێمە دابین كران، ئێمەیش بە پێویستمان زانی بەسەر كەمپەكاندا دابەشیان بكەین".
(یاسین) گوتیشی: "بڕیار وایە 16ـی ئەم مانگە باڵیۆزی ژاپۆن سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، لە كەمپی بەحركەیش ئەو مەراسیمە ئەنجام دەدرێت و بە شێوەیەكی فەرمی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەسەر كەمپەكاندا دابەش دەكرێن".
رابین شێروانی




