٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ددانپێدانانی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دووبز بڵاو دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێ: "زانیاری زۆر باشمان لەسەر هێرشە تیرۆریستییەكەی قەزای دووبز دەست خستووە، بەڵام جارێ كاتی نەهاتووە لە راگەیاندن باسی بكەین". ڕوونیشی دەكاتەوە، ئەوانەی كە هێنابوویانن، دەستیان تێدا بوو و یارمەتییان دابوون، بەسەریاندا تێنەپەڕیوە و بەم زووانە لە شاشەی راگەیاندنەكانەوە دەبیندرێن.

عەمید (سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەر دووای هێرشە تیرۆریستییەكەی قەزای دووبز، پۆلیس و ئاساییش و هێزی پێشمەرگە، هێزێكی هاوبەشمان دروست كرد بە بەشداریی دەستگای هەواڵگری و، دەستمان بە هەڵمەتی گەڕان و پشكنین بە دوای تیرۆریستاندا كرد كە كۆمەڵێك سەرەداومان دەست كەوت و كۆمەڵێك كەس دەستگیر كران و كۆمەڵێك زانیاریی زۆر باشیشمان دەست خستووە، بەڵام جارێ كاتی نەهاتووە لە راگەیاندن باسی بكەین، ئەنجامدەرانی هێرشەكە هیچ كە تێدا چوون، بەڵام ئەوانەی كە هێنابوویانن، دەستیان تێدا هەبوو و یارمەتییان دابوون، بەسەریاندا تێنەپەڕیوە و بەم زووانە لە شاشەی راگەیاندنەكانەوە دەبیندرێن."
بەرپرسی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كوكووك ئاماژەیشی دا: "پێش ئەم ڕووداوەیش كۆمەڵێك كەس لەم سنوورەدا لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش و دژەتیرۆر و پێشمەرگەوە دەستگیر كرابوون كە تۆمەتبارو تیرۆرست بوون."
هەفتەی ڕابردوو داعش هێرشێكی بۆ سەر قەزای دووبز ئەنجام دا كە توانییان بچنە ناو بینایەی پۆلیسی شارەكەوە، بەڵام هەر زوو هێزە ئەمنییەكان رەوشەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد و ئەنجامدەرەكانیان لەناو بردن.
قەزاكە 45 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری كەركوكەوە دوورە.

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار