چەکەکان بۆ باڵیۆزخانەکانیان بوون نەک هەرێمی كوردستان

بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو هەواڵە ڕەت دەكاتەوە کە ئەو دوو فڕۆکەیەی چەکیان پێ بووە لە بەغدا ڕێگرییان لێ کرابوو، گوایە مەبەستیان بووە بەرەو هەرێمی کوردستان بێن و دەڵێت، بە هیچ جۆرێك ئەو چەكانە بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتوون، بەڵكە تایبەت بوون بە عێراق.
وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی کردبووەوە كە رێگری لە دوو فڕۆكەی كەنەدایی و سوێدی كردووە چەك بۆ هەرێمی كوردستان بگوازنەوە، چونكە دەمانچەی بێدەنگی تێدا بووە.
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دوو فڕۆكەیە چەكیان بۆ عێراق هێنابوو و لەناو چەكەكانیشدا هەندێك چەكی بێدەنگی تێدا بووە، كە بۆ راوێژكار و باڵیۆزخانەكانی ئەوان بووە، چونكە بۆ مەشق و راهێنان بەكاری دەهێنن، بەڵام حكوومەتی عێراق رێگریی لێ كردبوون".
(شاخەوان) گوتیشی، دوای رێگریكردن لەو دوو فڕۆكەیە، ویستبوویان بێن بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەوەیشدا حكوومەتی عێراق رێگریی لێ كردبوون، بۆیە بە هیچ جۆرێك ئەو چەكانە بۆ هەرێمی كوردستان نەهاتوون و، تایبەتیش نەبوون بە هەرێمی كوردستان.
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەگەر چەك بۆ هەرێمی كوردستان بێت، لە سەرەتاوە وەزارەتی پێشمەرگەی لێ ئاگادار دەكەنەوە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئەو چەكانە نییە.
بڵند ئیبراهیم




