٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ماجد شنگالی: جگە لە پێشمەرگە، بۆ رزگاركردنی شنگال هێزی دیكە ڕەت دەكەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  نوێنەری شنگال لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا (د. ماجد شنگالی)، رایدەگەیێنێت، شنگال و خەڵكی شنگال پەكەكە و یەپەگەیان قبووڵ نییە، با لە شنگال دوور بكەونەوە و بچنەوە شوێنی خۆیان.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری شنگال لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. ماجد خەلەف شنگالی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "داوا لە هەموو ئەو هێزانەی وەكو پەكەكە و یەپەگە دەكەین لە شنگال دوور بكەونەوە و بچنەوە شوێنی خۆیان و كێشە بۆ ئازادكردنی ناوچەكانمان دروست نەكەن، لێرەوە پێیان دەڵێین سوپاسیان دەكەین ئەگەر بگەڕێنەوە، چونكە مانەوەی ئەوان لە شنگال یاسایی نییە، نە یاساكانی عێراق و نە یاسای نێودەوڵەتییش قبووڵ ناكات هێزێك لە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان و عێراق بێت و لەوێیش بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خەڵكی شنگالیش نایانەوێت ئەو هێزە لە شنگال بمێنن".
ئەو نوێنەرەی شنگالییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "هەروەك چۆن هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی كۆبانێ چوون و دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، پێویستە پەكەكە و یەپەگەیش بە هەمان شێوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە سووریا و توركیا و خاكی خۆیان رز گاربكەن كە پێویستی پێیان هەیە، چونكە شنگال پێویستی بە ئەوان نییە و، تەنیا هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشە دەتوانێت شنگال رزگار بكات و خەڵكی ئێمە بپارێزێت".
(شنگالی) ئەوەیشی خستە ڕوو: "هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پارێزەری شنگال دەزانین و شەهیدی بەخشیوە لەو پێناوەدا، بۆیە هیچ هێزێكی دیكە قبووڵ ناكەین ڕەتی دەكەینەوە".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار