٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی هاووڵاتیان سوودمه‌ندی یه‌كه‌م بوون"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.infoــ  (عه‌لی عه‌ونی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، لە سایەی یەکگوتاری و ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوودمەندی یەکەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوون، چونکە زۆربەی زۆری ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئەو ڕێککەوتنەیە.

(عەلی عەونی) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو دەستکەوت و پێشکەوتنانە و ئەو ئەمنیەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ڕێککەوتنی ستراتیژی و یەکگرتنی پارتی و یەکێتییە، جیابوونەوەی تاقمەکەی نەوشیروان لە یەکێتی، ئەو بەشە بووە کە هەردەم ئاواتیان بەوە خواستووە کە ئەو ڕێککەوتنە سەر نەگرێت و فتنە و دووبەرەکی بە هەرێمی کوردستاندا بڵاو بکەنەوە. لەلای ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو ئێمە هەموو کات تەئکیدمان کردووەتەوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بگەینە ڕێککەوتن و، هەموومان لەو قۆناغەدا یەکدەست و، یەکڕیز و یەکگرتوو بین، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ، سەلامەت و سەرکەوتوو ڕزگارمان ببێ و، سوودمەندی یەکەمیش بین لەو گۆڕانکاریانە. شەڕ و ئاژاوەکەی ئەو دواییە بووە زیانی دا لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش لە ئەنجامی ئەوە بوو کە یەکێتی خۆی لە ڕێککەوتنی ستراتیژی دوور کردەوە و وایان بیر دەکردەوە کە ئەوە بە سوودی ئەوان دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بە زیانی خۆیان تەواو بوو، بۆیە ئێمە وەک پارتی پێمان وایە ئەو ڕێککەوتنە نوێ بکرێتەوە و شتی نوێ بێتە ناو و فراوان تر بکرێت و، لایەنی دیکەیش بێنە ناو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت."
(عەونی) ئاماژەی بەوەیش کرد، هەموومان پێکەوە خۆمان چاک بکەین و کار بۆ یەکگرتن و ئاوەدانی وڵات بکەین، چونکە ئێمە هەموومان لە یەک شوێن دەژین، ئەگەر سەرکەوین هەموومان پێکەوە سەردەکەوین، ئەگەر لەناویش بچین هەموومان پێکەوە لەناو دەچین، لە هەموو وڵاتانی جیهان حکوومەتی بنکە فراوان سەرکەوتوو نەبووە، چونکە وەرگرتنی بڕیار لەو جۆرە حکوومەتانە کارێکی زۆر ئەستەمە، یان تەمەنی ئەو جۆرە حکوومەتانە زۆر ناخایەنێت، بەڵام ئێمە پێمان وابوو دەبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن و هەموویان پێکەوە تەحەمولی ئەو قۆناغە بکەن، چونکە ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت بە هیوا و ئاواتەکانی خۆی دەگات، ئەویش دەوڵەتی کوردیە، هەموو وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئێمە هاوکارن و یارمەتی ئێمە دەدەن، تەنیا ئێمە لەناو خۆمان هاوکاری یەکدی ناکەین.

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار