نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لە خەم ئاوارەکاندا بن

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هیوای خواست كە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كێشەی ئاوارەكان جیددیتر وەربگرن و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق و وڵاتانی عەرەبییش هاوكاریی زیاتری ئاوارەكان بكەن چونكە لە دۆخێكدان كە پێویستییان بە هەموو پشتگیری و هاوكارییەكە.
لە دیدارێكدا کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ساز درا، سەرەتا دۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی عێراق و دواپێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوو كرا و، داكۆكی لەسەر گرینگیی بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا كرایەوە، هەروەها تیشك خرایە سەر گرینگیی هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدرالی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش ئەو ناكۆكییە سیاسییانەی كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان سەریان هەڵداوە، تاوتوو كرا و لەمبارەیەوە (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە، ئەو ڕێكارانەی لە هەرێمی كوردستان گیراونەتەبەر، بۆ ڕێگری بووە لە تەشەنەكردن و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە و جەختی لەوەش كردەوە كە بڕوایان وایە هەموو كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان دەكرێ لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن.
هەروەها سوپاسی هەوڵ و خەمخۆریی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە بۆ ئەم مەبەستە بە نیازە لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دیدار و چاوپێكەوتن ساز بكات، هەروەك چۆن چەند لایەن و كەسایەتییەكی دیكەی عێراقییش هەمان ڕۆڵ دەبینن و ئەو ڕۆڵەی ئەوانیشی بەرز نرخاند.
لە دوایین بەشی دیدارەكەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو ئاوارانەی كە لە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێشوازییەكی باشیان لێ كراوە و كۆمەك و هاوكاری كراون. لەمبارەیەشەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هیوای خواست كە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق كێشەی ئاوارەكان جیددیتر وەربگرن و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق و وڵاتانی عەرەبییش هاوكاریی زیاتری ئاوارەكان بكەن چونكە لە دۆخێكدان كە پێویستییان بە هەموو پشتگیری و هاوكارییەكە.




