٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕان پرسی نەوت بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار دەهێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، نەدەبوو گۆڕان بەو شێوەیە موزایەدەی سیاسی بە نەوتەوە بكات، چونكە نابێت ئەو پرسە گرینگە كە پەیوەندیی ڕاستەخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، بكرێتە موزایەدەی سیاسی و لە بەرژەوەندیی لایەنێكی سیاسی بەكار بهێنرێت، بەڵكە دەبێت هەموو لایەنەكان بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا بكەن.

(بەیار دۆسكی) ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی ناوە و لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتدا سەركەوتوو بووە، كە ئەوەیش مافێكی یاسایی و دەستوورییە، لە داهاتوویشدا كاریگەری و ئەنجامەكانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنەكان ڕوون دەبێتەوە".

ئەوەیشی خستە ڕوو، كە نەدەبوو گۆڕان بەو شێوەیە موزایەدەی سیاسی بە نەوتەوە بكات، چونكە پرسێكی نیشتمانییە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ئەو دەستكەوتە لەناو ببەن و بەهاكەی كەم بكەنەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت هەموو لایەنەكان بە گرینگییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا بكەن، چونكە نابێت ئەو پرسە جێبایەخە كە پەیوەندیی ڕاستەخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، بكرێتە موزایەدەی سیاسی و لە بەرژەوەندیی لایەنێكی سیاسی بەكار بهێنرێت".

(دۆسكی) ئاماژەیشی دا، چوونی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ ئەوە نییە كە سیاسەتی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا سەركەوتوو نەبووە، بەڵكە سەركەوتنی سیاسەتی نەوتی هەرێم، خۆی لە فرۆشتنی نەوتدا دەبینێتەوە، چونكە ئەمجارە جیاوازە، حكوومەتی هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بەغدای ناچار كردووە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا دەست بە دانوستان بكات، ئەگەر لایەنەكان و حكوومەتی عێراق وا هەست بكەن حكوومەتی هەرێم بگەڕێتەوە خاڵی دەستپێك لەگەڵ بەغدا و هەرچی نەوتی هەیە ڕادەستی بەغدای بكات، ئەوە مەحاڵە.

 

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار