قاسم دربۆ: ئەو قسانەی پەكەكە و یەپەگە دەیكەن پڕۆپاگندە و درۆن

هەولێر-KDP.info- (قاسم دربۆ) کە یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی شنگال بەردەوامن و، هەر كاتێك سەركردایەتی فەرمان بكات هێزی پێشمەرگە پرۆسەكە دەست پێ دەكەن. جەختیشی كردەوە كە، پەكەكە و یەپەگە لە ناوچەكەدا ناتوانن كێشە دروست بكەن، چونكە رێگەیان پێ نادرێ، بۆیە ئەو قسانەی لە راگەیاندنەكانەوە دەیكەن، پڕۆپاگندە و درۆیە.
(قاسم دربۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئامادەكارییەكان بۆ رزگاركردنی شنگال بەردەوامن و، هەر كاتێك ئامادەكارییەكان تەواو بوون و لەلایەن سەركردایەتییەوە فەرمان كرا، پرۆسەی رزگاركردنی شنگال دەست پێ دەكات و لە ماوەیەكی كەمدا دەتواندرێت ئازاد بكرێت، چونكە داعش وەكو جاران نەماوە و زۆر لاواز بووە و ناتوانن لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا بەرگری بكەن".
(دربۆ) گوتیشی: "هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش بە بەردەوامی مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون".
ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، ئەگەر پەكەكە و یەپەگە باس لەوە دەكەن شنگال ئازاد دەكەن، بۆ ماوەی ١٥ مانگە وەستاون و هیچیان نەكردووە، ئەوان ناتوانن تەنانەت بستێكی خاكی شنگالیش ئازاد بكەن، بۆیە قسەكانیان هەمووی درۆیە و پڕوپاگەندە بۆ خۆیان دەكەن، ئەگەر نا هەموو خەڵكی شنگال دەزانێت تەنیا پێشمەرگە دەتوانێ شنگال ئازاد بكات".
(قاسم دربۆ) ڕوونیشی كردەوە، پەكەكە و یەپەگە ژمارەیان هێندە نییە كە بتوانن هیچ كارێك بكەن و، ئەو ژمارەیەی ئەوان لە راگەیاندنەكانەوە باسی دەكەن، راست نییە، چونكە خەڵكیش پشتگیرییان ناكات، بۆیە باشترە واز لەو درۆیانە بهێنن.
جەختیشی كردەوە كە "خەریكە شنگال ئازاد دەكرێت و ئامادەكاری بەردەوامە، بۆیە رێگە نادەین كێشە لە ناوچەكە دروست بكەن و نایشتوانن ئەو كارە بكەن".
بڵند ئیبراهیم




