٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سكرتێری گشتیی UN، له‌ به‌جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزدی هاوكار ده‌بێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستان، جێگری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری خۆی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند له‌ كه‌یسی به‌جینوساید ناساندنی كوردانی ئیزدی دا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (ئادەم دینگ) جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا (دینگ) خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەو دیدارانەی كرد كە لە هەولێر لەگەڵ خەڵكی ئێزدی و كرستیانەكان ئەنجامی داون و لە نزیكەوە گوێی لەو نەهامەتیانە بووە كە لەسەر دەستی تیرۆریستان بەسەریاندا هێنراون و جەختی لەوەیش كردەوە ئەوانە كەیسی بەهێزن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش بەكار بهێنرێت و ئەوەش جێگیر ببێت كە جینۆساید بەرانبەر ئێزدییەكان ئەنجام دراوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە كۆكردنەوەی بەڵگەی زیاترە و بۆ ئەم مەبەستەش باسی لەو هەنگاوانە كرد كە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كەیسەدا بیانگرێتە بەر و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند.

ئەوەشی بە سەرۆكوەزیران ڕاگەیاند كە لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانی ئەنجومەنی ڕۆحانیی كوردانی ئێزدی و ئەو كەمپانە دەكات كە ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر تێیدا جێگیر كراون بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری هەموو ئەو نەهامەتییانە بێت كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەسەریاندا هێنراون و لە كاتی گەڕانەوەشی بۆ نیوویۆرك باس لە هەموو ئەو نەهامەتی و ناحەقیانە دەكات كە بەرامبەر بە ئێزدییەكان ئەنجام دراون. ئەوەشی بەبیر هێنایەوە لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988، ئەو یەكێك لەو كەسانە بوو كە لە لە هەوڵی بەردەوامدا بوو ئەو تاوانە گەورەیە بگەیەنێتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و تێبینی و سەرنج و پاڵپشتییەكانی بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو لێژنە تایبەتیە بكات كە لە لایەن حكوومەتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لە دژی ئێزدییەكان ئەنجام دراون پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە كەیسەكە ئامادە بكەن کە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كەیسەكە وەك جینۆساید بناسێنن و ئێزدییەكان هەر هیچ نەبێت لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە قەرەبوو بكرێنەوە و تاوانبارانیش بگەنە سزاكانیان، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پیشان دا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار