"داوایه‌ك دژی گۆڕان بۆ داواكاری گشتیی هه‌رێم به‌رز كرایه‌وه"
__2015_11_03_h18m50s2__LB__2015_11_04_h15m56s19__HK.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان (محه‌مه‌د عه‌لی یاسین) داوا له سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه له گۆڕان بکۆڵێتەوە بۆچی منداڵکاری 18 ساڵان بەرەوخواریش کردووە بە ئه‌ندامی حزب و، بە نایاسایی تێكه‌ڵ به كاری سیاسییانی كردووە؛ دیارە لەبەر خاتری خۆی هەر بەو منداڵانه‌یش ئاژاوەی گێڕا.
ده‌قی داواكارییه‌كه:
بۆ سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق
بابه‌ت: داواكاری بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر نایاساییبوونی وه‌رگرتنی كه‌سانی خوار ١٨ ساڵ وه‌كو ئه‌ندامی حزب
سلاو و ڕێز
داوا له به‌ڕێزتان ده‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر به یاسایی بوون یان نه‌بوونی به ئه‌ندام وه‌رگرتنی كه‌سانی خوار ١٨ ساڵ له حزبی سیاسی‌دا بكه‌ن. هه‌روه‌ك دیاره به گوێره‌ی په‌یكه‌ری ڕێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتیدا هاتووه "هه‌ر هاووڵاتییه‌کی کوردستانی ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته شانزده ساڵ ده‌توانێ ببێته ئه‌ندام". كه ئه‌مه‌یش دژی یاسای ”حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ژماره ١٧، ساڵی ١٩٩٣ “ و له مادده‌ی ٢، بڕگه‌ی ٢ـی ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه كه مه‌رجی ئه‌ندامێتی ئه‌وه‌یه كه "١٨ ساڵانی ته‌واو كردبێ". هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی ١٠، برگه‌ی یه‌كه‌می "قانون الاحزاب السیاسیة" عێراقی فیدراڵ.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌م دیارده‌یه له‌گه‌ڵ یاساوڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ناگۆنجێت و به پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی مافی منداڵان ده‌زانرێت به‌و پێیه‌ی كه به تێكه‌ڵبوونی منداڵ له‌گه‌ڵ دنیای سیاسه‌تدا، ئه‌و منداڵه له مافه‌كانی خۆی بێبه‌ش ده‌كرێت.
هه‌روه‌ك دیار، له ماوه‌ی ڕابردوودا له هه‌ندێ شار و شارۆچكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا منداڵ و كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی بۆ مه‌رامی سیاسی و ئاژاوه‌گێڕی به‌كار هێنراون، كه ئه‌مه‌یش جێگای سه‌رنجه له كاتێكدا به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌م منداڵانه ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن. داواكارم له به‌ڕێزتان كاری پێویست بۆ به دواداچوونی ئه‌م كه‌یسه بكرێت.
له‌گه‌ڵ ڕێزم
محه‌مه‌دعه‌لی یاسین ته‌ها
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠١٥/١١/٠٣




