لە دامەزراندنەکەی پارێزگای دیالە کورد پشتگوێ خراوە.. بەدواداچوونی بۆ دەكرێت

جەلەولا-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە جەلەولا دەڵێت، لەلایەن وەزیری پەروەردەی عێراقەوە بڕیار دراوە كە 390 كەس لە ناوچە خاپووركراوەكانی پاریزگای دیالە دابمەزرێندرێن، بەڵام یەك كوردی تێدا نییە و "مافمان خوراوە." ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەیش ئاماژە دەدات، بەدواداچوونی ورد بۆ ئە بابەتە دەكات و نابێ مافی كورد بفەوتێت.
(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزیری پەروەردەی عێراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە وەكالەت (عومەر ئەلكروی) رێك كەوتوون كە 390 كەس لە پارێزگای دیالە و دروست لە سنوری ناوچە خاپووربووەكان دابمەزرێندرێن كە چەندین ناوچەی كووردییش دەگرێتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە هەر خەریكی عەرەبە و ناوی یەك كوردیشی دانەنا، ساڵی پاریش كۆمەڵێك مامۆستا بێبەرانبەر هەڵسان بە وانەگوتنەوە و بەڵێنیان پێ درا كە دابمەزرێندرێن، ماوەیەكیش لەومەوبەر نزیكەی 60 كەس ناویان تۆمار كرا بە كورد و عەرەبەوە و لیستەكەیان بەرز كرایەوە بۆ ئەوەی دابمەزرێندرێن، كە كۆمەڵێك خەڵكی جەلەولایشی تێدا بوو، بەڵام ئەم كوردانە یەك كەسیان ناویان نەهاتووەتەوە، تەنیا عەرەب دادەمەزرێندرێن، ئەمەیش ئەوە دەردەخات كە مافی كورد خوراوە و بێبەش كراوە."
(رەفعەت) گوتیشی: "كورد پێشمەرگەی هەیە و بە بێ جیاوازی پێكهاتەكان لە ناوچە جیاوازەكان دەپارێزێت و پشكی شێری بەركەوتووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا، بەڵام هەمیشە بەغدا كێشەمان بۆدروست دەكات و بوودجەی بڕیوین و چەندین هەڵویستی پێچەوانەی تری بەرانبەر گرتووینەتە بەر، لە دوایەمینیشیاندا ئەم دامەزراندنەی پاریزگای دیالەیە ناوی كوردی تێدا دەرهێنراوە كە زیاتر بە بابەتێكی سیاسی دەچێت، ئێمە وەكو كوردانی جەلەولا بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین كە عەرەب لەجەلەولا دەمەزرێندرێت و یەك كوردیش دانەمەزرێندرێت."
لەم بارەیەوە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بە (سیروان سیرینی) ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و گوتی: "ئەمە بابەتێكی مەترسیدارە و قبووڵنەكراوە كە لەم دامەزراوانەدا كوردی تێدا نەبێت، بۆیە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم بابەتە دەكەم، بەڵام سەرەتا دەبێ سكاڵای كوردەكانی ئەم ناوچەیە بەدەست بێنم."
(سیرینی) دەشڵێت: "لە ئێستادا وەزیری پەروەردە لە دەرەوەی وڵاتـە، بەڵام هەوڵ دەدەم بە زووترین كات پەیوەندیی پێوە بكەم بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە چارە بكرێت و رێژەیەكی دیاریكراو لەم 390 دامەزراوانە كورد بن و، مافی كورد گەرەنتی بكرێت."
سەرباز واحد




