پارتی لە هەمووان زیاتر بەپەرۆشە هەرێم خاوەنی دەستوور بێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی دەڵێ، سەرجەم لایەنەكان باش ئەوەیان دەزانی كە نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ كاتێكی زۆرتری دەویست لەو 90 رۆژەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆی دیاری كرابوو. ڕوونیشی دەكاتەوە، پارتی لە هەموو لایەنەكان زیاتر بەپەرۆشە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت.
(د. عەبدولحەكیم خەسرۆ) ئەندامی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور بۆ ڕاپرسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان هەوڵ مانداوە بە زووترین كات دەستوور ئامادە بكەین، بەڵام كاتێك پەرلەمانی كوردستان بریاری دا بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی دەستوور بۆ راپرسی ئێمە لە قۆناغێكی نوێدا بووین، لەبەر ئەوەی لە یاسای پەرلەمان كە دەرچووە لە هیچ بڕگە و ماددەیەكدا هیچ ئاماژەیەك بە پڕۆژەی دەستووری ساڵی 2009 نەكراوە تەنیا ئەوە نەبێت كە پڕۆژەی دەستووری ساڵی 2009 رەت كراوەتەوە".
دەشڵێت: "لایەنە سیاسییەكان هەرچی مەبەستێكیان هەبووبێ لە دووبارە پێداچوونەوەی دەستووردا، ئەوا پێداچوونەوە نەبووە، چونكە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور تایبەتمەند بوو بە نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوور گوتیشی: "بیرۆكەی پارتی ئەوە بوو كە دەبێ بە دیدگایەكی نوێ پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسینەوە و، برادەرانی سەرجەم فڕاكسیۆنەكانیش هاوڕامان بوون، سەرەڕای ئەوەی هەندێكیان دەیانگوت دەستوورەكەی 2009 دەكەین بە بنەمای نووسینەوەی ئەم دەستوورە نوێیە، بەڵام ئێمە رێكارەكانی نووسینەوەی دەستوورێكی نوێمان گرتووەتە بەر و سەرجەم لایەنەكانیش رازی بوون، دەستمان پێ كرد و لە كاتی گەییشتن بە پرس و پێگەی ئایین لە نووسینەوەی ئەم دەستوورەدا، كاتێكی زۆر رۆییشت بە هۆی ریكنەكەوتنی تەیارە فكرییەكان و ئەم بابەتە پەیوەندی بە پارتییەوە نەبوو و كاتێكی زۆریشی برد، كە گەییشتینە مافی پێكهاتەكان ئەوانیش كۆمەڵێك داواكارییان هەبوو، ئەمەیش ماوەیەكی برد. برادەرانی سەرجەم لایەنەكانیش باش ئەوەیان دەزانی كە نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ كاتێكی زۆرتری دەویست لەو 90 رۆژەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆمان دیاری كرابوو."
ڕوونیشی كردەوە كە: "لە 2009ـدا پارتی داوای كرد ئەو پڕۆژە دەستوورەی كە هەیە بخرێتە راپرسییەوە و هەرێم ببێتە خاوەی دەستووری خۆی و ئەم دەستوورە پەیوەندیی لایەنەكان رێك بخات، بەڵام دیار بوو لایەنەكان رێگر بوون لەوەی هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوور و داوایان كرد سازانی لەسەر بكرێت، خۆ پێشووتریش سازانیشی لەسەر كرابوو و دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان پێ دابوو، تەنیا مابوو بخرێتە راپرسییەوە."
ئاماژەیشی دا: "پڕۆتۆكۆڵەكانی لیژنەی ئامادەكاریی دەستوور دیارە و ئەو رێكارەنەیشی كە لەسەری رێك كەوتووین بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە چوون، هەموویشمان لە لیژنەكە هاوڕا بووین كە ئەم 90 رۆژە بەس نییە بۆ تەواوكردنی ئەم دەستوورە. ئێمەی پارتی لەم لیژنەیە زۆر ئەكتیڤین و زۆرینەی ئەركەكانمان گرتووەتە ئەستۆ و كارەكانمان بەو شێوەیە كردووە كە پێویست بووە بكرێت. ئەگەر لایەنێكیش پێی وابووە كە لە نووسینەوەی دەستوودا مەبەستیان تەنیا ئەوە بووە بێنە سەر بڕگەی دیاریكردنی سیستەمی سیاسی، ئەوا هەڵە بوون، چونكە بەو مەبەستە ئێمە كار ناكەین كە تەنیا چەند بڕگە و ماددەیەك هەموار بكەینەوە. پارتی لە هەموو لایەنەكان زیاتر بەپەرۆشە كە هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت، بەڵام لایەنەكان ویسیتیان سازانێكی زیاتری لەسەر بكرێت."
سەرباز واحد




