٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەوڕۆڵی: بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت بارەگاكانمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد.. بەم زووانە وەریان دەگرینەوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەڵێت: "هۆكاری رادەستكردنی بارەگاكانی پارتی بە هێزە ئەمنییەكان، لە بێدەسەڵاتی نەبوو، بەڵام گۆڕان دەیویست شەقام لە پارتی بكاتە دوژمن و ئێمەیش هەرزوو زانیمان و بارەگاكانمان چۆڵ كردن و رادەستی هێزە ئەمنییەكانمان كردن بۆ ئەوەی خوێنی منداڵی خەڵك نەرژێت، لەگەڵ ئەوەیشدا بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بارەگاكانمان وەربگرینەوە".

(فارس نەوڕۆڵی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ رادەستكردنەوەی بارەگاكانمان كە لە دەست هێزە ئەمنیەكاندان، چاوەڕێی بارودۆخەكە دەكەین، چونكە پێش ئەو ڕووداوانە پارتی بەنیاز بوو هەندێك لە بارەگاكانی كەم بكاتەوە بە تایبەت ئەوانەی لە كرێدا بوون، بەڵام لە دوای ئەو ڕووداوانەوە لە ئێستادا لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی شێوازی كاركردنمان چۆن بێت لەبارەی پرسی بارەگاكان و كاری ئاییندەمان".

(نەوڕۆڵی) گوتیشی: "ئێمە كە بارەگاكانی خۆمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد، لە بێدەسەڵاتی نەبوو، بەڵام ئەوانەی منداڵی خەڵكیان هان دەدا بۆ سەر بارەگاكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، مەبەستیان ئەوە بوو پارتی و شەقام لە یەك بكەنە دوژمن، وەلێ هەر زوو ئێمە لە فێڵەكەیان گەییشتین و بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، بارەگاكانی خۆمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردن و، پێمان باش بوو بارەگا بسووتێت نەك خوێنی منداڵی خەڵك بڕژێت".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی دەشڵێت: "كادیرەكانی پارتیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، ئیمامی حوسێن لە كەربەلا چەندە مەزڵومە، كادیرەكانی پارتی زیاتر لە ئەو ستەملێكراون، چونكە كادیرەكانی ئێمە دوور و نزیك كارێكی نایاساییان نەكردووە، بەڵام دەیانویست شەقام لە ئێمە بكەنە دوژمن و ئێمەیش هەر زوو زانیمان و بارەگاكانی خۆمان چۆڵ كردن".

ئاماژەیشی دا: "لە ئێستادا لە گفتوگۆداین بۆ رادەستكردنەوەی بارەگاكانمان و بەم زووانەیش وەریان دەگرینەوە".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار