٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و سینیرلی ئـۆغلو، جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە. وەزیری دەرەوەی توركیایش، جەختی كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆردا.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 3/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە (فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو) وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا (سینیرلی ئۆغڵو) سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ماوەیەكە نیازی ئەو سەردانەی هەبوو، بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆی توركیا دەرفەت نەبوو زووتر ئەنجامی بدات.

هەروەك باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەكەدا دروست بوون كرد و، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆر و بنەبڕكردنی لە ناوچەكە بە یەكجاری، چونكە توركیا هەرێمی كوردستان بە كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت، هەر بۆیە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا، كارێكی گرینگ و سوودبەخشە بۆ ناوچەكە بە گشتی.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزباییی خۆیشی ئاڕاستەی خەڵكی توركیا كرد كە سەركەوتووانە كۆتاییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیان هێنا و، هیوای خواست حكوومەتی داهاتووی توركیا بە زووترین كات پێك بهێنرێت و ئەو پەیوەندییە تۆكمەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەبووە، بەردەوام بێت و زیاتر گەشەی پێ بدرێت.

هەروەها باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكان دا و دووپاتی كردەوە كە، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەكردنی كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ. سەبارەت ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشیش، بەڕێزیان ئاشكرای كرد كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە جگە لەو قەیرانە داراییەی كە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەندین بابەت و تەوەری جیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار