كهڤاڵ: نزیكهی ملیۆنێك دهنگدهر، بە نەخێر لە ههدهپ هاتنە دەنگ؛ پهكهكه وای لێكردن
__2015_11_03_h17m8s13__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- شارەزایەکی کاروباری تورکیا ھۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانی ھەدەپە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا دەکات و دەڵێ، پەکەکە چەند کارێکی کرد بوو ئهمه بووه ھۆکاری ئەوەی دەنگەکان کەم ببنەوە، بۆیە خەڵکیش مەسجێکی دا بە ھەدەپە کە ھەڵەی وا دووبارە نەکەنەوە.
شارەزایەکی کاروباری تورکیا (مووسا کەڤاڵ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کەمبوونەوەیەکی گەورە لە دەنگەکانی ھەدەپە دروست بووە نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ دەبێت، کە ئەمەش تەنھا ھۆکارێک نییە بۆ ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵکو کۆمەڵێک ھۆکار ھەن، لەوانە کە ھەندێکیان پەیوەندی بەھەدەپەوە ھەیە و، ھەندێکیش بە پەکەکە، بەڵام پەکەکە زیاتر ھۆکار بووە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی سیاسەتێکی وا بکات کە خەڵک زیاتر متمانەی بە پەکەکە و، ھەدەپە ھەبێت، بۆ نموونە لە ھەندێک شوێن خەندەقی لێدا کە پێویستی نەدەکرد و، ھەڵەیەکی گەورە بوو، ئەوە ھەڵەی لەوە گەورەتر ئەوە بوو، پێویست بوو پەکەکە بەلایەنی کەمەوە مانگێک پێش ھەڵبژاردن ھەموو توندوتیژەکانی ڕاگرتبووایە و وهڵامی حکوومەتی نەدابایەتەوە ئەگەر حکوومەتیش ھێرشی کردبووایە، چونکە ئاکەپە مەبەستی بەردەوامبوونی توندوتیژی بوو کە دەنگەکانی زیاد بکات و سەرکەوتنیشی بەدەست ھێنا.
(مووسا کەڤاڵ) گوتیشی، یەکێکی دیکە لە ھەڵەکانی پەکەکە ئەوە بوو لە چەند شارێک سەربەخۆیی ڕاگەیاند کە ئەمەش پێویستی نەدەکرد و بووە ھۆی ئەوەی چەند بەرپرسێک لەو شارانە دەستگیر بکرێن و ھەندێک ڕابکەن و ھەندێکیش خۆیان بشارنەوە و نەتوانن بانگهشه بۆ ھەدەپە بکەن وترس و بێباوەڕییش لەو ناوچانە لەناو خەڵکی دروست بوو، کە لەمەش سەرکەتوو نەبوون ھەدەپە.
ئەو شارەزایەی کاروباری تورکیا زیاتر گوتی، یەکێکی دیکە لەھۆکارەکان ئەوەیە کە ئەو تەقینەوەی لە ئەنقرە ڕویدا کە ١٠٢ کەس کوژران کاریگەری ھەبوو کە ھەدەپە نەیتوانی میتینگ و کۆنفرانسی گەورە بکات لە شارەکان و بەرپرسانی ھەدەپە پەیامی خۆیان بگەیێنن و پروپاگەندە بکەن.
جەختیشی کردەوە، خاڵێکی گرنگ کە بووە جێی پرسیار لای خەڵکی ئەوە بوو بۆ ھەدەپە باسی ھەموو کەسێک دەکات باسی کورد ناکات، بە تایبەت باشووری کوردستان کە ئێستا شەڕی داعش دەکەن.
(کەڤاڵ) ڕوونیشی کردەوە، کەمبوونەوەی دەنگەکانی ھەدەپە مەسجێک بوو لەلایەن خەڵکەوە بۆ ھەدەپە و پەکەکە و کەجەکە، کە ئەویش ئەوەیە کە لە حەوتی حوزیران دەنگی خۆیان بە ھەدەپە داوە و ئێمە شتێکمان لەئێوە دەویست ئێوە نەتانکرد، بەڵام خۆمان لە ئێوە جیا ناکەینەوە، بەڵام ئاگادار بن ھەڵەی وا دووبارە نەکەنەوە، بۆیە ئەگەر ھەدەپە ئەو مەسیجەی وەرگرت ئەم شکەستنە دەبێتە کاتی و ئەگەر وەری نەگرن لەسەریان گران دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




