٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌ورووپا به‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌رسامن كه‌چی هه‌ندێ ڕۆژنامه‌نووس لە هه‌رێم دژی پێشمه‌رگه‌ ده‌نووسن!"

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌ورووپا-KDP.info-  نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كیه‌تیی ئه‌ورووپا له ‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیاندا ده‌ڵێن جێی داخە کاتێك ڕۆژنامەنووسە ئەورووپا و جیهانییەکان هاوشانی سیاسەتوانەکانیان سەرسامی خۆیان بۆ قارەمانیەتی پێشمەرگە دەردەبڕن و، بەوە وەسفی دەکەن کە لە جیاتی جیهانی مۆدێرن شەڕ دەکەن، هەندێك لە ڕۆژنامەنووس و نووسەرەکانمان کە بە داخەوە خۆیان بە پڕۆفیشیناڵ دەبینن، قەڵەمەکانیان لە دژی پێشمەرگەوە بەکار دێنن.

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌:
ڕوژنامەی ئاوێنە لە دوایین ژمارەی ڕۆژی سێشەممە 3/11/2015یدا هەواڵێکی دەربارەی دوایین سەردانی شاندێکی فەرماندە پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لە جیاتی دەستخۆشی لە شاندەکە و لە ڕێکخەرانی سەردانەکە، هەوڵی داوە بە شێوازێکی چەواشەکارانە لە گرنگی و بایەخ و سەرکەوتوویی ئەو سەردانە کەم بکاتەوە، به داخەوە ڕوژنامەی ئاوێنە لە دوایین ژمارەیدا (3/11/2015) هەواڵێکی دەربارەی دوایین سەردانی شاندێکی فەرماندە پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و لە جیاتی دەست خۆشی کردن لە شاندەکە و لە ڕێکخەرانی سەردانەکە، هەوڵی داوە بە شێوازێکی چەواشەکارانە لە گرنگی و بایەخ و سەرکەوتوویی ئەو سەردانە کەم بکاتەوە و بەبێ دەسکەوت و کاریگەر ناوزەدی بکات. حەز دەکەین ئەوە ڕوون بکەینەوە کە لەو بارودۆخە ناسک و پڕ لە قەیران و هەڵبەز و دابەزە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی قارەمانەنای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دژ بە داعش بە چەکی کۆن و سووک، هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە پشتگیری و هاوکاری سەربازی هەیە. ئەگەرهاتو خەڵکانێکیش هەبن کە چاویان بە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانمان هەڵنایەت و، هیواخوازن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانایان نێت بە دابینکردنی چەکی قورس و پێشکەوتوو، ئەوا هیچ نەبێت با قەڵەمەکانیان لە دژی کوردستان و پێشمەرگە بوێرەکانمان بەکار نەیەنن. جێی داخە کاتێك ڕۆژنامەنووسە ئەورووپا و جیهانییەکان هاوشانی سیاسەتوانەکانیان سەرسامی خۆیان بۆ قارەمانیەتی پێشمەرگە دەردەبڕن و بەوە وەسفی دەکەن کە لە جیاتی جیهانی مۆدێرن شەڕ دەکەن، هەندێك لە ڕۆژنامەنووس و نووسەرەکانمان کە بە داخەوە خۆیان بە پڕۆفیشیناڵ دەبینن، قەڵەمەکانیان لە دژی پێشمەرگەوە بەکاردێنن. نووسەری ئەو بابەتە ئاماژە بەوە دەدات کە شاندەکە بۆ سواڵ کردن هاتبوونە بەلجیکا و لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە پاڕاونەتەوە بۆ ئەوەی هاریکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە بنێرن. حەز دەکەین لە وەڵامدا ئەوە بڵێین کە نیشتمان پەروەرانی وڵاتەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان ئامادەن خوێن و گیانی خۆیان ببەخشنە کوردستان، بۆیەش شەرمەزاری نیە بۆ هەر تاکێکی کورد، بگرە بەڵکو شانازیە کە لە هەموو دەرگایەك بدەین و، بشپاڕێینەوە بۆ ئەوەی بتوانین هاریکاری و پشتگیری وڵاتانی زلهێز بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان وەدەست بێنین. نووسەری بابەتەکە هەروەها ڕەخنە لەوە دەگرێت کە گوایە شاندەکە بە جلی سەربازیەوە هاتوون و لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوونە. ئەو بابەتە ئەوەندە بێ مانایە کە پێویستی بە وەڵامدانەوە نیە، بەڵام هیوادارم ئەو نووسەرە بەڕێزە بچێت هەندێك بەدواداچوون بکات لەسەر عورفی کۆبوونەوە سەربازییەکان، ئەو کات بۆی دەردەکەوێت کە لەبەرکردنی جلی سەربازی خۆی لە خۆیدا عورفێکی سەربازی و دیبلۆماسیە و لە هەموو جیهاندا پەیڕەو دەکرێت، بگرە لە بۆنەکانی باڵیۆزخانەکاندا پاشکۆ سەربازیەکان بە جلی سەربازیەوە بەشداری دەکەن. هیواخواز بووین خەڵکی وەك نووسەری ئەو بابەتە لەو کاتە ناسك و کێشەدارەدا کە گەلەکەمان پێیدا تێدەپەڕێت، قەڵەمەکەی بۆ دروستکردنی پاڵەپەستۆ بەکاربێنێت لەسەر دام و دەزگا نیودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هاریکاری سەربازی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە بنێرن، لە جیاتی ئەوەی کاتی خۆی بەفیڕۆ بدات بە ڕەخنە گرتن لەوەی کە شاندەکە بە جلی سەربازی کۆبوونەوەیان کردووە یان پاڕاونەتەوە.
دەبووایە ڕۆژنامەی ئاوێنەش پابەند بێت بە پێوەر و بنەما جیهانیەکان و عورفە ڕۆژنامەوانییەکان و بەدواداچون بە ڕاستییەکان لە جیاتی ئەوەی ڕێگە بدات بابەتێکی بێبنەما و لاواز بڵاو بکاتەوە. گومانم لەوە نییە کاتێك هەر تاکێکی کورد ئەو بابەتە لەسەر ڕۆژنامەکەیان دەخوێننەوە زەردەخەنە بەسەر دەموچاویانەوە دەردەکەوێت. هەروەها دەبووا لەم بارودۆخە سەختەدا کەمپەینی تایبەت بە پشتگیریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی پارێزەری ئەمنیەت و تەناهی و، ئاسایشی کوردستان ڕێک خستبا لە جیاتی ئەوەی ڕێگە بدات هەواڵی ناڕاست و، بێبنەما بڵاو بکاتەوە و بێڕێزی بەرانبەر پێشمەرگەوە بکرێت کە شەو و ڕۆژ گیانی لەسەر دەستدایە بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان.
لێرەشەوە ئێمە وەك نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە دووپات دەکەینەوە کە ئەو جۆرە چەواشەکاریانە بە هیچ جۆرێك کاریگەری لەسەر هەڵوێست و هەوڵەکانی ئێمە نابێت بۆ بەردەوام بوون لە کۆکردنەوەی هاریکاری سیاسی و سەربازی و مرۆیی بۆ کوردستان. سەردانی ئەو شاندەش بە هەموو پێوەرەکان سەرکەوتوو بوو و کاریگەری لەسەر ئەرزی واقیعیشدا دەبێت. بەڵگەش لەسەر سەرکەوتنی ئەو سەردانە لەسەر پێ وەستانی ٧٥١ پەرلەمانتاری ئەورووپا بوو بە چەپڵە ڕێزانەوە وەك ڕێز و ستایش بۆ قوربانیەکانی پێشمەرگە. هیواداریشین لەوانەی کە ئامادە نین هاوکار بن بۆ گەیاندنی ئێش و نەهامەتییەکانمان و کۆکردنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان، ئەوا هیچ نەبێت با بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە کار لە دژی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان نەکەن، چونکە مێژوو هیچ شتێك لەبیر ناکات.

نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا
3/11/2015 برۆکسێل، بەلجیکا
 

هەواڵی پەیوەندیدار