نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت

هەولێر-KDP.info- وێڕای ەبرزنرخاندنی ڕۆڵ و نەبەردی و ئازایەتیی پێشمەرگە، كە توانیویەتی ئەو هەڕەشەیە دوور بخاتەوە و بەسەر تیرۆردا زاڵ بێت، (یان كۆبیش) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی كردەوە، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 3/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (یان كۆبیش) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باس لە دواپێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لەمبارەیەوە (كۆبیش) ئاماژەی بەوە دا، كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی تەواوی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ئەنجامێكی گونجاو، كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەموو عێراقدا بێت و هیوای خواست لە داهاتوودا كۆبوونەوە و دانوستانی نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێن.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا باسی لە بارودۆخی شەڕی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داعش و هەوڵەكانی بنەبڕكردنی ترس و هەڕەشەی تیرۆری كرد و، لەمبارەیەشەوە ڕۆڵ و نەبەردی و ئازایەتیی پێشمەرگەی بەرز نرخاند كە توانیویەتی ئەو هەڕەشەیە دوور بخاتەوە و بەسەر تیرۆردا زاڵ بێت. جەختی لەوەش كردەوە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی ئەوە دەدات پشتگیریی زیاتری پێشمەرگە بكرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای خواست ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ڕابردوو و ئێستادا هەیبووە، بەردەوام بێت، بەتایبەتی بۆ دانوستان و لێكگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەك پوختەیەكی دەربارەی دواپێشهاتەكان و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داش پێشكەش كرد.
تاوتووكردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر چەند بابەت و تەوەرێك، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




