٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کوردانی باکوور گوتیان خەندەقمان ناوێ.. هەدەپەیان سزا دا

سەرچاوە: KDP.info
ھەردوو ھاوسەرۆکی گشتیی پارتیی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، دوێنێ، ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی نافەرمیی ھەڵبژاردن کرد.

توركیا-KDP.info-  ئەگەرچی هەدەپە توانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و بچێتە پەرلەمانەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە قورسایی ئەنجامی هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیران ناچێتە پەرلەمانەوە، بەڵكە 21 كورسیی لە دەست دا و لە 80 كورسییەوە كە لە 7ـی حوزەیراندا بە دەستی هێنابوون، بووە خاوەنی 59 كورسی.

لە دوای 7ـی حوزەیرانەوە شەڕێكی قورس لە نێوان حكوومەتی توركیا و پەكەكەدا بەرپا بوو و، ئەو شەڕەیش بووە هۆكاری ئەوەی 280 هاووڵاتی سیڤیل گیان لە دەست بدەن. ئەمە جگە لەوەی ئارامی لە باكوور بە شێوەیەكی بەرچاو بوونی نەمابوو، تەنانەت خەڵكی لە دوای سەعات 5ـی ئێوارەوە لە ترسی شەڕی كۆڵان بە كۆڵان دوكانەكانیان دادەخست و دەچوونەوە بۆ ماڵەوە.

هاووڵاتیان هەدەپەیان سزا دا
هەدەپە لەو پڕۆسەیەدا رەخنەی زۆر توندی لە حكوومەتی توركیا دەگرت بەوەی شەڕی بەرپا كردووە تا بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێتەوە و، منداڵی كورد بە كوشت دەدات بۆ ئەوەی كورسیی دەسەڵات بە دەست بهێنێتەوە، بەڵام رەخنەی لە پەكەكە نەدەگرت بەوەی بۆچی ئاگربەست راناگەیەنێت، یاخود بە شەرمنانە رەخنەی لێ دەگرت.

هاووڵاتیانی باكوور دەنگیان بە هەدەپە دا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی مەدەنیانە و بەبێ چەك نوێنەرایەتیی ئەوان بكات لە پەرلەمان، بەڵام دوای 7ـی حوزەیران هاووڵاتیانی باكوور كاتێك بەیانیان لە خەو هەڵدەستان خەندەقیان لە بەردەم دەرگەی خۆیان دەبینی. یاخود چەكدارانی پەكەكە بە ئاشكرا داوای لە رۆڵەكانیان دەكرد چەك هەڵبگرن و دژی حكوومەتی توركیا بجەنگن، بۆیە هاووڵاتیان سزای هەدەپەیان دا، دەكرێت بڵێین تەنیا هەدەپە و مەهەپە و جەهەپە شكستیان نەهێنا، بەڵكە پەكەكەیش دووچاری شكستێكی گەورە هات، بەوەی پەیامی باكووریان زۆر بە توندی لەسەر سندووقی دەنگداندا وەرگرت.

باكوور هاواری كرد، ئێمە ئاشتی و ئارامیمان دەوێت و، شەڕ و خەندەقمان ناوێت

بە كورتی باكوور هاواری كرد، ئێمە ئارامیمان دەوێت و ئاشتیمان دەوێت، ئێمە شەڕ و خەندەقمان ناوێت. ئیدی نامانەوێت گوێمان لە دەنگی چەك و تۆپ و تەیارە بێت.
نابێت ئەوەیشمان لە بیر بچێت، كە پەیامی باكوور بۆ ئاكەپەیش بوو بەوەی ئیدی پێویستە دووبارە پرسی قۆناغی چارەسەری بهێننەوە بەر باس، چونكە چۆن سزای هەدەپەیان دا، لە هەمان كاتدا بە ئاكەپەیان گوت ئیدی كاتیەتی قۆناغی چارەسەری گیانی بە بەردا بێتەوە.

گومان لەوەدا نییە هەدەپە بە 59 كورسی قورساییەكی گەورەی هەیە لە پەرلەمان، بۆیە پێویستە لەو 4 ساڵەی وەكو حزب لە پەرلەمان دەمێنێتەوە، بۆشاییەكی تەواو لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دروست بكات. دەبێت بڕوا بە هاووڵاتیانی توركیا بهێنێت كە هەدەپە بە هیچ شێوەیەك پەكەكە نییە و، هەدەپە پارتیێكی توركیاییە و هەمیشە لەگەڵ ئاشتییە. تا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەركەوتنی گەورە بە دەست بهێنێت. بە پێچەوانەوە ئەمجارەیان دەكەوێتە خوار بەربەستی هەڵبژاردن.

ئاكەپە زیرەكانە كاری لەسەر هەڵەكانی پەكەكە کرد
ئاكەپە بۆچی توانی بە تەنیا ببێتەوە بە پارتیی دەسەڵات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەكرێت شرۆڤەیەكی درێژی بۆ بكرێت، كە لە داهاتوودا بە درێژی باسی دەكەین، بەڵام دەكرێت بە كورتی باس لە هەندێك لایەن بكەین كە ئاكەپەی بردە پێشەوە.
ئاكەپە بە رۆحیەتی ساڵی 2002 هاتەوە مەیدانی سیاسەت و ناو خەڵكەوە. هەروەكو چۆن ساڵی 2002 توانی بڕوا بە خەڵك بهێنێت كە ئەوان دەبنە فریادڕەسی توركیا و باری ئابووریی خەڵك چاك دەكەن، بە هەمان شێوە لە رووی ئابوورییەوە بەیاننامەیەكی گرینگی پێشكەش بە دەنگدەر كرد. بۆ نموونە بڕینەوەی مووچە بۆ منداڵ و ئافرەتی ماڵ و بە خۆڕایی پێدانی ئینتەرنێت بۆ قوتابیان و بڕینەوەی 5 هەزار دۆلار بۆ ئەو گەنجانەی بیانەوێت ژیانی هاوسەری پێك بهێنن و هەروەها دروستكردنی شوققە بۆ خەڵكی كەمداهات بە پارەیەكی زۆر كەم و بەبێ زیادەخستنەسەر.
هەروەها توانی لە باكوور هەموو ئەو كاندیدانە بگۆڕێت كە لە 7ـی حوزەیراندا داینابوون و، كاندیدی نوێ و بە رەگەز كوردی دانایەوە، كە ئەو كاندیدانەیش كەسی خۆشەویست و گرینگ بوون لە باكوور.
هەروەها ئاكەپە بە شێوەیەكی زۆر زیرەكانە توانی كار لەسەر هەڵەكانی پەكەكە بكات، بەوەی ئەو كاتەی پەكەكە لە پرسووس 2 ئەفسەری توركیایی كوشت لە بری ئەو تەقینەوەیەی لە پرسووس رووی دا و بووە هۆی شەهیدبوونی 34 هاووڵاتی، ئاكەپە رێگەی بۆ خۆش بوو تا شەڕ هەڵبگیرسێنێتەوە و نائارامییەك بخاتە ناو باكوورەوە، كە ئەو نائارامییەیش خەڵكی دووچاری ئازارێكی زۆر كردبوو و ژیانیان لێ تێك درابوو. ئاكەپەیش بە ئاشكرا چەندین جار دەیگوت ئەگەر بە تەنیا بێینە سەر دەسەڵات یان حكوومەت پێك بهێنن، توركیا ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت.

كارزان گلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار