بڕیارەكەی دادگای تێكساس، پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم.. زۆر كۆمپانیا چاوەڕوانیان دەكرد

هەولێر-KDP.info- توێژەر و شارەزایەكی بواری وزە دەڵێت، زۆر كۆمپانیا كڕیاری نەوتی هەرێمی كوردستانن، بەڵام بڕیاری دادگای تێكساس، پاڵپشتییەكی بەهێز دەبێت بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
(د. هاوڕێ مەنسوور بەگ) توێژەر و مامۆستای زانكۆ و هەروەها شارەزا لە بواری وزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زۆر كۆمپانیا كڕیاری نەوتی هەرێمی كوردستانن، بەڵام بێگومان ئەو بڕیارەی لە دادگایەكی گرینگی وەك تێكساس دەرچووە، پاڵپشتییەكی بەهێزتر دەبێت بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، لەو بڕوایەدام وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە پشتبەستن بەو بڕیارە دێنە هەرێمی كوردستان و نەوتی هەرێم دەكڕن، چونكە زۆر كۆمپانیا چاوەڕوانی ئەو بڕیارەیان دەكرد، بۆ ئەوەی پەلە لە كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بكەن".
گوتیشی: "هەندێك لایەن دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەوەستنەوە، هەر دەستكەوتێكی هەبێت ناشیرینی دەكەن، ئەگەر نا خۆی لە خۆیدا ئەو بڕیارەی دادگای تێكساس بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرینگ بوو، چونكە حكوومەتی عێراق ئەو كەیسەی جووڵاند، نەك حكوومەتی هەرێم".
رابین شێروانی




