كەسی یەكەمی شەهید، لە دامەزراندندا خاڵ وەردەگرێت

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، دوای تەواوبوونی چەند رێكارێك لە فۆڕمەكان، دەست بە جیاكردنەوەی فۆڕمەكانی دامەزراندن بۆ كۆمسیۆن دەكەن و، كەسی یەكەمی شەهیدانیش، لە دامەزراندندا خاڵ وەردەگرن.
(شێروان زرار نەبی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تەواوی فۆڕمەكان لە داتابەیسێكدایە و بە بەرنامەیەك رێك خراوە و كارمان لەسەر كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی كۆمەڵێك ناوی دووبارە هەن كە كەسی وا هەیە بە چەندین جار و بە شێوازی جیا فۆڕمی پێشكەش كردووە، بۆیە پێویستە سەرەتا ئەو ناوانە لاببەین و یەك ناوی ڕاستەقینە بهێڵینەوە و 1اكی بكەینەوە، هەروەها ئەوانەی فۆڕمیان بۆ پۆستی باڵایش پیشكەش كردووە، ئەوانەیش لە داتابەیسێكی سەربەخۆدا جیا دەكەینەوە و ئەوانەی دیكەیش لەلایەكی دیكە، چونكە گشت فۆڕمەكان لە یەك داتابەیسدان".
(شێروان) گوتیشی: "دوای ئەوەی ئەو رێكارانە تەواو بوون، ئەوكات دەست بە جیاكردنەوەی فۆڕمەكان دەكەین و هەر یەكێكیش لەوانەی فۆڕمی دامەزراندنی پێشكەش كردووە كەسی یەكەمی شەهید بێت، خاڵ لە دامەزراندندا وەردەگرێت".
جێی ئاماژەیە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 535 كەس هەیە لە پسپۆڕی جیاجیا بۆ دامەزران لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە)، بۆ ئەم مەبەستەیش نزیكەی 108 هەزار كەس بۆ دامەزراندن لەو كۆمسیۆنەدا فۆڕمیان پێشكەش كردووە.
نەشوان بەرزنجی




