٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی زەرد: بەڵگەمان هەیە.. دەیدەین بە پەرلەمان، لیژنەكان، رێكخراوە بیانییەكان، كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد رایدەگەیێنێت، ڕاپۆرتێكی هەمەلایەنە لەسەر ئەو بارودۆخ و پشێوییەی لە سلێمانی و گەرمیان رووی دا، بۆ پەرلەمانی كوردستان، لیژنەكانی پەرلەمان، رێكخراوە بیانییەكان، كۆنسووڵ، نوێنەری وڵاتان لە هەرێم و ڕای گشتییش، ئامادە دەكەن.

(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە ئامانجی بەهێزتركردنی ئۆرگانەكانی پارتی، وەكو فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەردانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەمان كرد و لەوێیش سەردانی بارەگاكانمان كرد‌‌، كە ئەو بەرنامەیەیش‌ ماوەیەكی زۆرە دەستی پێ كراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا گرژی و پشێوی و ئەو ئاژاوەگێڕییەی لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەرحەق بە بارەگاكانی پارتی كرا، بە وردی هەڵسەنگێندرا".

(خۆشناو) گوتیشی: "بەر لە سەردانەكەیش، هیچ گومانێكمان نەبوو كە ئەو بابەتە خۆپیشاندانی خۆڕسكی جەماوەری نییە كە لەسەر بابەتێكی دیاریكراوی جەماوەر بێت، بەڵكە ئەوە بابەتێكی بەرنامەبۆداڕێژراو بوو لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەنجام درا، بەڵام بۆ زیاتر بەدەستهێنانی دۆكیومێنت و زانیاریی ورتر، شاندەكەمان ماوەی چەند رۆژێك لەو سنوورە بووین و چەندین كۆبوونەوەی جۆراوجۆرمان لەگەڵ ئۆرگانەكانی پارتی لەو سنوورانە ئەنجام دا، دوای بەدەستهێنانی ئەو دۆكیومێنت و زانیاریانەیش، ڕاپۆرتێكی هەمەلایەنە لەسەر ئەو پشێوی و بارودۆخەی رووی دا، بۆ پەرلەمانی كوردستان، لیژنەكانی پەرلەمان، رێكخراوە بیانییەكان، كۆنسووڵ، نوێنەری وڵاتان‌ لە هەرێم و بۆ ڕای گشتییش ئامادە دەكەین و رووداوەكە بەدۆكیومێنت دەكەین، چونكە رووداوێكی سادە و ساكار نییە، بەڵكە كۆمەڵێك خروقاتی تێدایە بۆ نموونە منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵی تێدا بەكار هاتووە".

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی زەرد دەشڵێت: "بە دەیان بەڵگەی دروستمان لە بەردەستدایە ئەو گێرەشێوێنییە لەلایەن گۆڕانەوە ئەنجام دراوە و ئامانجیشیان دیار بووە بۆ چ مەبەستێك بووە، بۆیە سەڕەرای ئەو هەموو ناخۆشیانەی لەو رووداوانە كەوتنەوە، هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەو هێرشەی كە كراوەتە سەربارەگاكانی پارتی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو خەڵكی ئەو دەڤەرانە بوون كە خواستەكانیان لەگەڵ خواستی ئەو ئاژاوەچی و گێرەشێوێنانە یەكی نەدەگرتەوە، بەڵكە خەڵك داوای ئارامی و ژیانی ئاسایی و كاسبكاری و چارەكردنی گرفتەكان دەكات بە شێوازی مەدەنیانە، هەر بۆیە ئەو تاقمە ئەگەر نەیانتوانی لە پیلانەكەیان سەركەوتوو بن، ئەوا بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەك چۆن ئێمە گەییشتینە ئەو راستییەی خەڵك لەگەڵ ئەو جۆرە بابەتانە نییە، ئەوانیش بە هەمان شێوە گەییشتنە ئەو باوەڕەی خەڵك هاوكاریان نییە لەو گێرەشێوێنییەی كە دەستیان پێ كردووە، چونكە بەرنامەكەیان زۆر گەورە و فراوانتر بوو تەنیا بۆ ئەو سنوورە نەبوو، بەڵكە دەیانویست پەل بكێشێت بۆ ناوچەكانی دیكە، بەڵام خۆشبەختانە یەكەم هۆكار ئەوە بوو خەڵك لەگەڵ خواستی ئەو تاقمە یەكدی ناگرێتەوە و دژی ئەو كارە ناڕەوایەن"‌.

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار