٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەو قەرزەی له‌ ژاپۆن ده‌كرێت، ته‌نیا بۆ ھەولێر نییه‌

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی عێراق ئەو ھەواڵە رەت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه‌ بۆ پڕۆژه‌كانی ئاوه‌رۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ ژاپۆن قه‌رز ده‌كرێ، ته‌نیا بۆ پارێزگای هه‌ولێر بێ و گوتی، بە ھیچ شێوەیەک لە پڕۆژەیاساکەدا ناوی ھیچ پارێزگایەک نەھاتووە و، تەنیا ناوی ھەرێمی کوردستان ھاتووە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسایەک کرد کە قەرز لە وڵاتی ژاپۆنه‌وه‌ ده‌رێته‌ ھەرێمی کوردستان، قه‌رزه‌كه‌یش بۆ پرۆژەی ئاوەڕۆیه‌، بەڵام سەرەڕای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب دژایەتیی ئەو پڕۆژەیاسایە دەکەن، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق(كه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌) باسی لەوە کردووە کە، پارەکە لەلایەن وەزیری داراییه‌وه‌ تەنیا بۆ ھەولێر تەرخان کراوە و پارێزگاکانی دیکە لێی سوودمه‌ند نابن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب وەکو (حەنان فه‌تلاوی) و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە، وه‌ك به‌رنامه‌ی هه‌میشه‌ییان له‌ ڕێی پڕۆژەیاساكاه‌وه‌ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کە پەرلەمانتارانی کورد دژایەتیی ئەو پڕۆژەیاسایە بکەن، لەکاتێکدا ئەمە قەرزێکە دەدرێتە ھەرێمی کوردستان کە پێشتر دراوە بە چەند پارێزگایەکی دیکەیش.''

به‌پێی زانیارییه‌كان، شێوازی ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ له‌ ژاپۆن ده‌كرێ و بڕه‌كه‌ی 285ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی زیاتره‌، پێشتریش دراوه‌ به‌ چه‌ند پارێزگای دیكه‌ی عێراق، كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و بدرێ به‌ هه‌رێمی كوردستانش، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی 40ساڵدا ده‌بێ بدرێته‌وه‌ و، سوودیشی زۆر کەم خراوەتە سەر.

(ئەشواق جاف) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، ئەو قەرزە کە دەدرێتە ھەرێمی کوردستان، بە ھیچ شێوەیەک ناوی ھیچ پارێزگایەک به‌تایبه‌ت نه‌هاتووه‌ و تەنیا ئاماژە بە ھەرێمی کوردستان دراوە، بۆیە ھەرکاتێک پارەکە گه‌یشته‌ ھەرێمی کوردستان، ئەوکات خۆیان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی دەکەن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار