دڵشاد شەعبان: هیچ كێشەیەك بۆ پارەی نەوتی هەرێم دروست نەبووە

هەولێر-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە بە هۆی ئامادەنەبوونی (رێباز حەملان) وەزیری لەكارلادراوی داراییەوە كێشە بۆ گەڕانەوەی پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان دروست بووە، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە و دەڵێت، هیچ كێشەیەكی لەو جۆرە دروست نەبووە و حكوومەت دەتوانی كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەو دابنێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاتێك (رێباز حەملان) وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، سەرۆكی حكوومەت نووسراوێكی بۆ "هالك بانك" كردبوو كە ئەو تەنیا بۆی هەیە جووڵە بە پارە بكات كاتێك داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بانكە و لەوێیشەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
(شەعبان) گوتیشی: "لە ئێستادا كە (رێباز حەملان) لە كار لادراوە، هیچ كێشەیەك نییە بۆ گەرانەوەی پارە لە "هالك بانك"ـەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەیە نووسراوێكی دیكە بكات و كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەو دابنێت تا جووڵە بەو پارەیەوە بكات".
پێوەست بەو دەنگۆیانەی كە باس لە درووستبوونی كێشە دەكەن، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كێشە دروست بووە، راست نین و لە ئێستادا هیچ كێشەیەك نییە، هەر كاتێكیش پارە بێتە ئەو بانكە، حكوومەتی هەرێم دەتوانێ پارەكە بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان".
بڵند ئیبراهیم




