٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایانی بواری نەوت: بڕیارەكەی دادگای تێكساس، پشتگیرییەكی نێودەوڵەتییە بۆ هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایانی بواری نەوت باوەڕیان وایە كە، بڕیارەكەی دادگای تێكساس، پشتگیریێكی نێودەوڵەتییە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت.

شارەزای بواری نەوت (د. كاوان ئیسماعیل ئیبراهیم) لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای تێكساس بۆ ئەو چاوەڕوانكراو بوو و، بۆ گەلی كوردیش هەواڵێكی دڵخۆشكەر بووە، چونكە ئەو كەیسە لە بەرژەوەندیی هەرێم یەكلا بووەوە.

ئەم لێدوانانە پاش ئەوەهات كە، دادگای تێكساس سكاڵایەكی حكوومەتی عێراقی ڕەت كردەوە كە پێوەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان تۆماریان كردبوو؛ ئەم بڕیارەیشی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بوو و جارێكی دی لەسەر ئاستی جیهان جەخت كرایەوە كە هیچ رێگرییەك لە بەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا نییە.

(ئیبراهیم) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت هیچ بەربەستێكی یاسایی و دەستووریی نییە، بۆیە پێویست بوو عێراق پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی، بەڵام پەنایان بردە بەر دادگایەكی بیانی و دادگاكەیش بە یاسای خۆی كاری كرد و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسەی یەكلایی كردەوە".

ئەو شارەزایەی بواری نەوت لەسەر ئەو باوەڕەیە كە، ئەو هەنگاوە پشتگیریێكی قەزایی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ، كە خۆی لە خۆیدا هیچ بەربەستێكی یاسایی و دەستووریی نییە.

هاوكات بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. رزگار)، باوەڕی وایە كە، بڕیارەكەی دادگای تێكساس ئەوەی سەلماند كە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە هیی عێراق سەركەوتووترە، هەر بۆیە لە ئێستادا وەزیری نەوت سەرقاڵی ئەوەیە كە پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەدا بكات كە پێشووتر لە سەردەمی (حوسێن شەهرستانی)ـدا ئەنجام دراون.

 (د. رزگار) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان جەختی كردەوە: "ئەمە پشتگیریێكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان كە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دەتوانن بێن و، نەوتی هەرێمی كوردستان بكڕن و هیچ رێگریێكیان لە بەردەمدا نییە."

هەر لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بڕیارەكەی دادگای تێكساس ئەوەی پشتڕاست كردەوە، كە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی نەوتی خۆی فرۆشتووە و، دەشتوانێ بەردەوام بێت بە شێوەی سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت و، مافی ئەوەی هەیە بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەوتی خۆی بفرۆشێت."

(دۆسكی) بڕوایشی وایە، ئەم بڕیارە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات كە بتوانێ لە دانوستانەكانی داهاتوودا لەگەڵ بەغدا باشتر كاری خۆی بكات.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار