لیژنەی مافی مرۆڤ لە ڕووداوەكانی سلێمانی و گەرمیان دەكۆڵێتەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان ڕایگەیاند، بڕیار دراوە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان رۆژی سێشەممە سەردانی شوێنی پشێوییەكانی دەڤەری سلێمانی بكات، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیش لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و حكوومی و ئەمنیی ناوچەكە، راپۆرتێك لەو بارەوە ئامادە دەكات.
(فەیرۆز تەها) جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستاندا بڕیار دراوە كە رۆژی سێشەممە 3ـی تشرینی دووەم، لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان سەردانی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان بكەین لەسەر پشێوییەكانی ئەم دواییە، بۆ ئەوەی زانیاری و داتا و دۆكیومێنتی ورد كۆ بكەینەوە".
جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ ڕوونیشی كردەوە: "ئەم پشێویانەی كە دروست كران، بە داخەوە خۆپێشاندان نەبوون، هیچ شێوازێكی مەدەنیانەیان لێ بەدی نەدەكرا و دوور بوون لە داواكانی فەرمانبەران و مامۆستایان. ئەمانە كۆمەڵێك ئاژاوەچی بوون كە لەلایەن تاقمەكەی نەوشیروان)ـەوە هان درابوون بۆ ئەوەی بارەگاكانی پارتی بەردباران بكەن و خۆپێشاندانەكان بە لاڕێدا ببەن و پشێوی دروست بكەن. ئەم پشێوییەیش بووە هۆی شەهیدبوونی هاووڵاتیان و كادیرانی پارتی و سووتاندنی چەندین بارەگای پارتی، هەتا سووتانی ماڵی پێشمەرگەیشی لێ كەوتەوە كە بەرگری لەم وڵاتە دەكات".
گوتیشی: "جێی داخە كە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان لە یەكەم رۆژی پشێوی و هێرشەكاندا نەچووە ناو ڕووداو و پشێوییەكان و رۆڵی لیژنەكەمان باش نەبوو. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت سەرۆكی لیژنە لە رێگای بڕیاردەری لیژنەوە ئاگاداری ئەندامان بكاتەوە بۆ كۆبوونەوە لەبارەی وەها بابەتێك. بەڵام ئەوە بۆ مانگێك دەچێت سەرۆكی لیژنەكەمان (سۆران عومەر) هیچ هەنگاوێكی نەناوە و زۆر كەمتەرخەم بووە. ئێستا دوای ئەم هەموو كاتە بڕیار دراوە سەردانی ئەو ناوچانەی ڕووداوەكانی لێ ڕووداوە، بكەین. كە دەبوو زۆر زووتر ئەم كارەمان كردبایە. دوای ئەم سەردان و بەدواداچوونەمان، لیژنەكەمان كۆ دەبێتەوە و راپۆرتێكی تیروتەسەل دەنووسین و بەرزی دەكەینەوە".
ئاماژەیشی دا كە "ئێمە سەردان و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆر ورد لە شوێنی ڕووداوەكان دەكەین، لەگەڵ بەرپرسە ئیدارییەكانی ناوچەكانی ڕووداوەكان و قایمقام و دەستگا ئەمنییەكان كۆ دەبینەوە، چونكە من خۆم هەندێك بەرپرس و لایەنی حكوومی و ئیداری بە كەمتەرخەم دەبینم لە ئاست ڕووداوەكاندا، لەبەر ئەوەی دوای سوتانی بەشێك لە بارەگاكانی پارتی، هەندێك بارەگا رادەستی دەستگا ئەمنییەكان كران، بەڵام هەر هێرشیان كرایە سەر و سووتێندران، ئەمەیش جێی پرسیارە!."
سەرباز واحد




