دەزگای بارزانی كاروانێك هاوكاریی گەیاندە سەر چیای شنگال

شنگال-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و كۆمەك و یارمەتییەكانی دەگەیەنێتە سەر چیای شنگال و بەسەر خێزانە ئاوارەكانی دەوروبەری ئەو چیایەدا دابەشىدەكات، لەو میانەیەیشدا لە هەڵمەتێكی دیكەدا كاروانێك خۆراك و پێداویستیی تایبەت بە منداڵانی گەیاندە سەر چیای شنگال.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە بە شێوەیەكی بەردەوام بە هانای خێزانە پەنابەر و ئاوارەكانەوە دەچێت و پێداویستیەكانیان بۆ دابین دەكات، بە تایبەتی خێزانی ئاوارەی ئێزدی لەسەر چیای شنگال، كە پێویستییەكی زۆریان بە هاوكاریی جۆراوجۆر هەیە، ئهمرۆش كاروانێك لە خۆراك و پێداویستیی منداڵانیان گەیاندە سەر چیاكە و بەسەر 1100منداڵی ئێزدیدا دابەشیان كرد، هاوكارییەكانیش بریتی بوون لە (شیر و دایبی و جلوبەرگی منداڵی تازەلەدایكبوو لەگەڵ دەرمانی خاوێنكردنەوە و شامپۆ و سابوون و تایت و پێڵاو و گۆرەوی و دیاریی جۆراوجۆری منداڵان).
ئەم هەڵمەتەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، درێژەپێدەری هەڵمەتەكانی پێشوویەتی كە بە شێوەیەكی بەردەوام لە كێشە و پێداویستییەكانی ئاوارەكانی سەر چیاكە دەكۆڵێتەوە و خۆراك و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات، بە تایبەتی كە ئێستاكە وەرزی زستان دەست پێدەكات و ئەو خێزانانە پێویستیان بە جلوبەرگ و سووتەمەنی و خۆراكی زۆر هەیە.
(مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەیەكی بەردەوام هەوڵ دەدات پێداویستی بۆ خێزانە ئێزدییەكانی چیای شنگال دابین بكات، پێشتریش لە رێگەی هەڵمەتەكانمانەوە، دەیان جار كاروانی هاوكاری و پێداویستی و خۆراك و كەلوپەلی زستانە و سووتەمەنی و خێوەتمان بۆ دابین كردوون و، بەردەوامیش دەبین لە دابینكردنی پێویستییەكانی دیكەیان، هەڵمەتی ئەمجارەیش تایبەت بوو بە دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی منداڵان كە سەرجەم منداڵانی پەنابەرانی سەر چیاكە سوودمەند بوون و تێكڕایشیان 1100 منداڵ بوون".




