٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزی ئەمەریكا و جێگری نێردەی تایبەتی ئۆباما دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێم و پێشمەرگە كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی ئەمەریكا (ستیوارت جۆنز) و  جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە بەغدا و هەولێر كۆ بوونەوە و، دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد.

جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش (برێت مەكگۆرك) سەردانی عێراقی كرد بۆ دوو ڕۆژ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەبەغدا. نێردەی تایبەت (مەكگۆرك) و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق (ستیوارت جۆنز) لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) و وەزیری دارایی (هۆشیار زێباری) و وەزیری كشتوكاڵ (فەلاح ئەللهێبی) و گەورەسیاسەتوان و بەرپرسانی ئەمنیی دیكە كۆ بوونەوە بۆ گفتوگۆكردنی پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ هەوڵەكانی تێكشكاندن و لەناوبردنی داعش بە ڕابەرایەتیی عێراق، هەروەها پێشڤەچوونە هەنووكەییەكان لە ناوچەكەدا.

جێگری نێردەی تایبەت (مەكگۆرك) و باڵیۆز (جۆنز) هەروەها سەردانی هەولێریشیان كرد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیران (نێچیرڤان بارزانی). ئەوان دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە كوردییەكان كرد بۆ ڕۆڵیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی بارمتەكان لە حەویجە لە ٢٢ـی تشرینی یەكەم كە بووە هۆی ئازادكردنی نزیكەی ٧٠ كەس، لەناویاندا زیاتر لە ٢٠ سەربازی هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەبوون. هەروەها لەگەڵ  ئەو بارمتانەی كە پێشووتر لای داعش بوون و لە پرۆسەكەی ٢٢ تشرینی یەكەم ئازاد كران كۆبوونەوە. بارمتە ئازادكراوەكان پێزانینی خۆیان بۆ  پشتیوانیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  لە پرۆسەكە نیشان دا هەروەها سەرەخۆشییان بۆ لەدەستدانی  ڕەئیس عورەفای سوپای ئەمەریكا (جۆشوا ویلەر) دەربڕی. ئۆپەراسیۆنەكە گەواهیدەری هاوشانی هاوپەیمانان بوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی داعش.

كۆبوونەوەكان هەروەها ئاماژەیان بە پابەندیی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد بۆ كاركردن لەگەڵ هاوشانە نێودەوڵەتییەكانی و حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدان و دابینكردنی كۆمەك بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان و پەنابەران.

هەواڵی پەیوەندیدار