NDI، ستایشی ئۆپهڕاسیۆنی حەویجەی كرد

بەغدا-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ سهرۆكێ فراكسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق، شاندی NDI ستایشی ئۆپهڕاسیۆنی حەویجەی كرد و داوایشی لە لایەنە سیاسییەکان كرد کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
(خهسرهو گۆران) سهرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق، بە ئامادەبوونى ژمارەیێک لە پەرلەمانتارانی سەر بە فراکسیۆنی پارتی پێشوازیی لە شاندى رێكخراوی دیموکراسی نیشتمانی بۆ پرسە نێودەوڵەتییەکان ناسراو بە NDI كرد، کە پێکهاتبوو لە (لیزلی كامبل) بەرێوبەری پەیمانگا لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و (لیسا ماكلن) بەڕێوبەری پەیمانگا لە عێراق.
لەم دیدارەدا باسی رهوشی گشتیی عێراق و دواپێشهاتە سیاسییەکانی كوردستان، چۆنیەتیى چارەسەرکردنی گرفتەکان بە دایالۆگ دوور لە توندوتیژی كرا و، سوتاندنی بارەگا حزبییەکانیش خرایه بهر باسهوه. هاوكات بابەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا تەوەرەکی دیکەى گرینگی دیدارەکە بوو.
ههر لە میانەى ئەم دیدارەدا شاندی NDI دەستخۆشیی خۆیان ئاراستەى پێشمەرگەى کوردستان کرد کە بەم دواییە هەڵمەتێکی بوێرانەی ئەنجام دا بۆ ئازادکردنی چەند گوندێکی سنوورى پارێزگاى کەرکووک.
هاوكات، ئۆپهڕاسیۆنە هاوبەشەکەى هێزی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجوومەنى ئاسایشی کوردستان و سوپای ئەمهریکا کە لە شاری حەویجەى ژێر دەستی داعش ئەنجامیان دا و توانرا ژمارەیێک دیلی دەستى رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو بە داعش رزگار کران، مایەی رێز و دەستخۆشی شاندهكه بوو.




