"كورد له پهرلهمانی سوێددا پاڵپشتی گهورهی ههیه"
__2015_10_29_h16m20s18__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- پهرلهمانتارێكی سوێدی له دیدار لهگهڵ جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستاندا دهڵێ ئێوهی گهلی كورد له پهرلهمانی ئێمهدا دۆست و پاڵپشتی گهورهتان ههیه.
ئەمڕۆ پێنچشەممە ٢٩/١٠/٢٠١٥ دکتۆر جهعفهر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەماندا پێشوازی لە خاتوو دێزیرێ پێتهۆرس ئەندامی پەرلەمانی سوید لە پارتیی دیموکراتمەسیحی و ئەندامی لیژنەی کاروباری یەکێتیی ئەورووپا و ئێڤا ئاسپلوند سەرۆکی ڕێکخراوی شادۆ و سوسەن گۆڤەن سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردان لە سوید کرد.
لە دیدارێکدا کە پەرلەمانتارانی پێکهاتەی تورکمان و کلدان سریان ئاشوور و ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکان و پێشمەرگە و ژمارەیەک ڕاوێژکار ئامادە بوون، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و سوپاسگوزاری خۆی ئاراستەی پەرلەمان و حکوومەت و گەلی سوید کرد کە هەمیشە لە تەنگانەدا بە هانای گەلی کوردستانەوە هاتوون و، لەم شەڕەی داعشیشدا، بە ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی و هاوکاری مرۆیی پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دووپات کردووەتەوە؛ هاوکات ئەوەی خستە ڕوو بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە دووچاری هەرێمی کوردستان بووە هێشتا وەک پێویست ناتوانرێ خزمەت و یارمەتی پێشکەشی ئەو هەموو پەنابەرە بکرێ و، هیوای خواست سوید و ووڵاتانی ئەوروپا کە ئێستا کێشەی کۆچبەران ڕووبەروویان بۆتەوە بێنە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە هاوکاری پەنابەران بکەن لەرووی دابین کردنی تەواوی خزمەتگوزاریەکان بۆ ئەوەی ئاوارە لە ڕووی دەروونی و ژیانەوە سەقامگیر بێ و بەم شێوەیە کۆچ نەکەن.
لەلایەن خۆشیەوە خاتوو دێزیرێ پێتهۆرس ئەندامی پەرلەمانی سوید لە پارتی دیموکراتمەسیحی و ئەندامی لیژنەی کاروباری یەکێتی ئەورووپا بەناوی شاندەکە سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامان و ڕاوێژکارانی پەرلەمان کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و، جەختی لەسەر پشتیوانیی پەرلەمانی سوید بۆ گەلی کوردستان کردەوە و ئەوەی ڕاگەیاند ئەو کاتەی پەرلەمانی وڵآتەکەی بڕیاری دا هاوکاری سەربازی و مرۆیی گەلی کوردستان بکرێ بەتێکڕای دەنگ ئەو بڕیارەی وەرگرت و دەستخۆشی لەگەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەو قەیرانە داراییە هاوکاری و یارمەتی ئاوارەکان دەکەن و بەهەموو هێز و ئیرادەیەک بەرامبەر مەترسیی داعش وەستاونەتەوە و دووپاتی کردەوە گەلی کوردستان لەناو پەرلەمانی سوید پاڵپشت و، دۆستی گهورهی ههیه و، بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنتان.
هەر لەدیدارەکەدا پەرلەمانتارانی ئامادەبوو ڕەوشی ئاوارەکانیان خستە ڕوو بەتایبەت کە بەرەو ڕووی وەرزی زستان دەبینەوە داوایان کرد یارمەتی و هاوکاری مرۆیی زیاتر بگات و، ئەوەشیان خستە ڕوو پێویستە ئەوروپا و، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش بەرنامەی بۆ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوەی ئەو خەڵکانە هەبێ کە پێشتر مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو بۆئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە زێدی بابوباپیرانیان.




