٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: گۆڕان لەوپەڕی سەرلێشێواویدا سیاسەت دەكات.. دەبێ خۆشحاڵ بن كە دەركراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (عەلی عەونی) دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رێگایەكی دیكەی نییە تا ئەم پۆستانەی گۆڕان پڕ بكاتەوە كە وابەستەن بە كاری حكوومەت و خزمەتی هاووڵاتیانەوە، بۆیە ئەم پۆستانەی گۆڕان جارێ بە وەكالەت پڕ كراونەتەوە، ئەم وەكالەتەیش بەردەوام دەبێت تا رێگای یاسایی دەدۆزرێتەوە و لەبری وەكیلەكان، وەزیر لە پۆستەكانی پێشووی گۆڕاندا دەستبەكار دەبن.

(عەلی عەونی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەم دوو ساڵەی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكوومەتدا، ئیسپاتیان كرد كە لەبری پەرلەمانتار، ئەوان زیاتر راگەیاندنكارن، چونكە چەند میدیاكارێكیان هێنا و لە پەرلەمانیان دانان، وایان دەزانی بەڕێوەبردنی مەملەكەت بە زۆربڵێیی دەكرێت، پێوەری ئەوان بۆ كەسەكانیان زۆربڵییە، بەڵام خۆ سیاسەت بە زۆربڵێیی نییە و سیاسەت بە زانستی بەڕێوەبردنی مەملەكەت و زانستی ململانێی حزبەكانە، گۆڕان بە ناشرینكردن و پەلاماردانی پارتیی خۆی پێناسە كرد، دەنا هیچ پێناسەیەكی دیكەیان نەبوو، بۆیە لە دەرەنجامی ئەم هەموو هاشوهوشەی راگەیاندنەكانیان و پەلامارەكانیان بۆ سەر حكوومەت، گەییشتە ئەو رۆژەی ئێستایان".

(عەونی) گوتیشی: "گۆڕان باس لەوە دەكات كە حكوومەتی هەرێم گەندەڵە، ناشەفافە، زاڵمە، دیكتاتۆرە، ئەی بۆ هەوڵ دەدەن بێنە ناو ئەم حكوومەتەوە؟ بە گوتەی ئەوان بێت كە ئێمە ئەوەندە خراپین، ئەوان دەبێ خۆشحاڵ بن كە دەركراون و بەشە خاوێنەكە كە ئەوان بوون لە حكوومەت دەركران و باقییەكەی بە كەڵك نایەت! گۆڕان لەوپەڕی سەرلێشێواویدا سیاسەت دەگوزەرێنن و دەڵێن (نەوشیروان) لەگەڵ كۆبوونەوەكەی 19ـی ئەیلوول نەبوو، (محەممەد حاجی)ـیەكەیان دەیگوت، من لەگەڵ كۆبوونەوەكەی 19ـی ئەیلوول نەبووم، (عومەر عینایەت) دەیگوت، من لەگەڵ بەشداریی گۆڕان نەبووم لە حكوومەتدا، ئەی كێ ئەم بڕیارانەی دا كە لەلایەن گۆڕانەوە جێبەجێ كرا؟ ئەی كێ بڕیاری دا ئەم بارەگایانەی پارتی بسووتێندرێ و ئاژاوە دروست بكرێ؟ كێ بڕیاری دا بەشداری حكوومەت بن و پەلاماریشی بدەن؟ ئێ خۆ هەر ئەمانە و هەندێكی دیكە بڕیاریان داوە! ئەم كارانەیشیان نیشانەی بێئەزموونی و شپرزەبوون و بێهەستییە بەرانبەر بە وڵات. گۆڕان خوێندنەوەی هەڵەی كرد و لە ئەنجامدا بڕیاری هەڵەی دا و ئەنجامی غەڵەتیشیان دەست كەوت و خۆیان لە كۆڵان بینییەوە".

لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی پێشووی گۆڕانیش لە حكوومەتدا، (عەلی عەونی) گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رێگایەكی دیكەی نییە تا ئەم پۆستانەی گۆڕان پڕ بكاتەوە، بۆیە ئەم پۆستانەی گۆڕان جارێ بە وەكالەت پڕ كراونەتەوە، چونكە ئەم پۆستانە پێوەستن بە ئیشوكاری حكوومەت و خزمەتی هاووڵاتیان و ژیانی هاووڵاتیانی پێوە بەندە، ئەم وەكالەتەیش بەردەوام دەبێت تا رێگای یاسایی دەدۆزرێتەوە و لەبری وەكیلەكان وەزیر دەستبەكار دەبن لە پۆستەكانی پێشووی گۆڕاندا. ئەوان (بایان چاند، بۆیە تۆفان دەدروونەوە)، با گۆڕان ئیتر ئۆپۆزسیۆنیكی رێكوپێك و مەعقول بێت".


سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار