٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ناتۆ و یەكێتیی ئەورووپا مامەڵەی نوێ لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info- لە بەردەوامیی كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، شاندێكی باڵای پێشمەرگەی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەییشتە برۆكسل و، زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ هەریەك لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە، ئەنجوومەنی ئاساییش و بەرگریی یەكێتیی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا و نوێنەرایەتیی هەنگاریا لە رێكخراوی ناتۆ، ئەنجام دا.

سەردانی ئەم شاندەی پێشمەرگە كە لە چەند بەرپرس و ئەفسەرێكی باڵای مەیدانی پێك هاتبوو، بە ئامانجی باسكردنی بارودۆخی هەنووكەیی جەنگی دژی داعش و پێشكەشكردنی داوا و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو.

لە گوتەیەكدا بۆ میدیاكان، (دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەم سەردانە دەرفەتێكی گرینگ بوو كە تێێدا بۆ یەكەم جار بەرپرسی باڵا و ئەفسەرانی پێشمەرگە لە ئاستی یەكێتیی ئەورووپا و ڕێكخراوی ناتۆ لە برۆكسل و ستراسبورگ كۆ بوونەوە و، ڕاستەخو وردەكارییەكانی بواری سەربازی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە باس كران.

نوێنەری حكوومەتی هەرێم گوتیشی، لە كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای پێشمەرگە لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای ستافی سەربازیی یەكێتیی ئەورووپادا، لایەنی بەرانبەر بەڵێنی دا كە داواكارییەكانی پێشمەرگە بۆ دابینكردنی چەك و تەقەمەنیی پێویست بە هەند وەربگرن و هەوڵ بدەن وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە هەماهەنگی باشتر بكەن بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان.

جگە لەوەیش لە تەواوی كۆبوونەوەكاندا شاندی پێشمەرگە داوای كرد كە هاوكارییەكان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێن، چونكە بەغدا لەمپەر لە بەردەم ئەو پرۆسەیەدا دادەنێ كە وای كردووە لە ئێستادا بڕێكی زۆر كەم هاوكاریی سەربازی بگەنە دەست پێشمەرگە.

شایانی باسە، لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا لایەنە ئەورووپاییەكان ستاییشی ڕۆڵی پێسمەرگەی كوردستانیان كرد و وەك هێزێكی ئازای جەنگاوەر و، قوربانیدانی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند. جگە لەوەیش، لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠ پەرلەمانتاری ئەورووپا لە گرووپی دۆستایەتیی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا، پەرلەمانتارانی دۆستی كوردستان بەڵێنیان دا كە پشتگیرییەكان تەنیا بە ستاییش و سوپاس نەبێ، بەڵكە بە جیددی لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتی وڵاتەكانی خۆیاندا گوشار دروست بكەن و لۆبی بۆ بەدەستهێنانی هاریكاریی بەپەلە بۆ پێشمەرگەی كوردستان بكەن.

لە لایەكی دیكەوە، (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) كە سەرۆكایەتیی شاندەكەی پێمشەرگەی دەكرد، ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكاندا سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی یەكێتیی ئەورووپا، سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی بەلجیكا و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی عێراق لە پەرلەمانی ئەورووپا، سڵاوی تایبەتیان بۆ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناردووە و، ئەوانیش لە لایەن خۆیانەوە سڵاوی سەرۆكی هەرێم و تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بە لایەنەكانی بەرانبەر گەیاندووە.

ئەم سەردانەی شاندی باڵای پێشمەرگەی كوردستان لە پاش پڕۆژەبڕیارێكی گرینگی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ناتۆ دێ كە تێیدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی ناتۆ كراوە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگەدا بكەن هەر لە پڕچەككردنەوە تا ڕاوێژ و مەشق و ڕاهێنان.

چاودێرانی سەربازی پێیان وایە كە لە پاش دەستێوەردانەكانی ڕووسیا لە سووریا و عێراق، وڵاتانی ئەورووپا پتر بایەخ و گرینگی بە پێشمەرگەی كوردستان دەدەن وەك هێزێكی متمانەپێكراو و هاوپەیمان مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. ئەمەیش بە گوتەی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، دەرفەتێكی باشە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناتۆ و یەكێتیی ئەورووپا.

هەواڵی پەیوەندیدار